ئەمریکا ڕەشنووسی گەمارۆی سەر چەکوچۆڵی ئێرانی ڕادەستی ئەنجوومەنی ئاسایش کرد

ئەمریکا ڕەشنووسی گەمارۆی سەر چەکوچۆڵی ئێرانی ڕادەستی ئەنجوومەنی ئاسایش کرد
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی (ڕادیۆ فەردا) و بە پشتبەستن بە ئاژانسی (بلۆمبرگ) سەرچاوە دیپلۆماتیکەکان ئاشکرایان کردووە، ئەمریکا ڕەشنووسی گەمارۆی (بێسنوور)ی چەکوچۆڵی لەدژی ئێران، ڕادەستی ئەنجوومەنی ئاسایش کردووە.

ئاژانسی بلۆمبرگ، ئەمڕۆ سێشەممە 2020.6.23 بەپێی دەقی ئەو ڕەشنووسەی ئەمریکا کە کەوتووەتە دەستی، بڵاوی کردووەتەوە لەو ڕەشنووسەدا واشنتۆن داوای لە ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، لە فرۆشتنی ڕاستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆی چەکوچۆڵ بە ئێران و هێنانەدەرەوەی چەکوچۆڵ لە ئێرانەوە بۆ دەرەوە، خۆیان ببوێرن.

بەپێی هەمان ڕەشنووس، فرۆشتن و گواستنەوەی چەکوچۆڵ بە ئێران دەبێ بە مەرجێک بێت کە لانیکەم یەکێک لە کۆمیتەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش، یەک مانگ بەرلەو کارە پەسەندیان کردبێت.

هاوکات ئاماژە بە هێرشە مووشەکییەکانی ساڵی پار بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعوودیەش کراوە کە بەرپرسانی واشنتۆن و ڕیاز لەو باوەڕە دان ئێران لە پشتی ئەو هێرشانەوە بووە، بەڵام حکوومەتی ئێران ڕەتی دەکاتەوە.

ڕووسیا و چین، دوو ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشن کە پشتگیریی گەمارۆی درێژماوەی چەکۆچۆڵ بۆ سەر ئێران ناکەن.

بەپێی بڕیارنامەی 2231ی ئەنجوومەنی ئاسایش، گەمارۆی سەر چەکوچۆڵی ئێران، دەبێ لانیکەم پێنج ساڵ دوای قەبووڵکردنی ڕێککەوتنی ناوکیی ئێران ناسراو بە (بەرجام) کۆتایی پێ بێت.

بەڵام ئەمریکا دژی هەڵوەشاندنەوەی ئەو گەمارۆیانەیە و وڵاتانی دیکەش وەک بریتانیا، فەڕەنسا و ئەڵمانیاش هاودەنگی ئەمریکان و دژی لابردنی گەمارۆکانی سەر ئێرانن.











باسنيوز




Top