سعودیە چەند مەرجێک بۆ حاجییانی ئەمساڵ دادەنێت
ئەمڕۆ سێشەممە 23-6-2020، تۆفیق رەبیعە، وەزیری تەندروستی و محەمەد ساڵح، وەزیری حەجی سعودیە لە پرێس کۆنفرانسێکدا، رایانگەیاند، کە بۆ حەجی ئەمساڵ، پلانێکی نوێی تەندروستی و رێکاری توندیان داناوە.
رۆژی دووشەممە 22-6-2020، وەزارەتی حەجی سعودیە بڕیاری دا بۆ ئەمساڵ رێگا بە هیچ کەسێکی دەرەوەی سعودیە بۆ ئەنجامدانی حەج نەدات و تەنیا ژمارەیەکی کەمی حاجییان، لە ناوخۆی سعودیەوە، بە گرتنەبەری رێکارە تەندروستییەکان، ئەرکی حەج ئەنجام بدەن.
ئەو دوو وەزیرە سعودیە ئاماژەیان بەوە کرد، کە ئەمساڵ تەنیا رێگا بەو کەسانە دەدرێ حەج بکەن، کە تەمەنیان لە خوار 65 ساڵە و ناشبێ هیچ نەخۆشییەکی درێژخایەنیان هەبێت.
وەزیری تەندروستیی سعودیە ئاماژەی بە پشکنینی کۆرۆنا بۆ حاجیان بەر لە ئەنجامدانی حەج کرد و رایگەیاند، دوای تەواوبوونی ئەرکەکانی حەجیش، دەبێ ماوەی 14 رۆژ خۆیان کەرەنتینە بکەن.
هەورەها وەزیری حەجی سعودیە رایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی ئەمساڵ حەج دەکەن، رەنگە لە 10 هەزار کەس تێپەڕ نەکات، لەکاتێکدا پێشتر تا پێنج ملیۆن کەسیش بەشدارییان لە پرۆسەی حەج دەکرد.
باسنيوز
