ماکرۆن: تورکیا یارییەکی مەترسیدار لە لیبیا دەکات
سەرۆکی فڕەنسا رایگەیاند، لە ئێستادا تورکیا سەرقاڵی ئەنجامدانی "یارییەکی مەترسیدارە" لە لیبیا، کە هەڕەشەی راستەوخۆ بۆ سەر ئەوروپا دروستدەکات.
تورکیا سەرقاڵی ئەنجامدانی یارییەکی مەترسیدارە لە لیبیا، کە سەرپێچی تەواوەتییە لە دەرئەنجامەکانی کۆنفرانسی بەرلین
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فڕەنسا لەمیانەی کۆبونەوەی لەگەڵ قەیس سەعید، سەرۆکی تونس لە کۆشکی سەرۆکایەی فڕەنسا رایگەیاند، ئەوەی لە ئێستادا بەدی دەکرێت ئەوەیە تورکیا سەرقاڵی ئەنجامدانی یارییەکی مەترسیدارە لە لیبیا، کە سەرپێچی تەواوەتییە لە پابەندییەکانی بە دەرئەنجامەکانی کۆنفرانسی بەرلین.
ترەمپ و ماکرۆن رێککەوتون لەسەر پێویستی گەیشتن بە ئاگربەست لە لیبیا
ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتر پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ئەنجامداوە و لە کارەکانی تورکیا ئاگاداری کردوەتەوە و هەردولا رێککەوتون لەسەر پێویستی گەیشتن بە ئاگربەست لە لیبیا.
ماکرۆن باسی لەوەشکرد، راگەیاندنی ئاگربەست لە لیبیا لە بەرژەوەندی وڵاتە دراوسێکانی ناوچەکە و ئەوروپاشدایە، پێویستە دەستێوەردانە بیانییەکان بۆ ئەو وڵاتە بوەستێنرێت، بەتایبەت لەلایەن ئەوانەی کە دەیانەوێت لەڕێی هەڵگیرسانی شەڕەوە لە لیبیا دەستکەوتی نوێ بەدەستبهێنن.
دوێنێ دوشەممە جۆزێپ بۆریڵ، بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تورکیا بەردەوامە لە بەکارهێنانی زمانی هێز لە لیبیا و هەزاران شەڕکەری ناردوە بۆ ئەو وڵاتە.
ئاماژەی بەوەشکرد، "تێکچونی رەوشی ئەمنی لیبیا هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی وڵاتانی ئەوروپا، پێویستە هێزی زیاتر لە سنورەکانی وڵاتانی ئەوروپا لەگەڵ کیشوەری ئەفریقا دابنرێت".
خەندان
