رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداریی دەدا

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداریی دەدا
ئەمڕۆ دووشەمە، تيدرۆس ئادهانۆم گبريسۆس، بەڕێوەبەری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداریی دا، کە ڤایرۆسی نوێی کۆرۆنا هێشتا بەخێرایی بەدەوری جیهاندا دەسووڕێتەوە. پێیشی وانییە کاریگەرییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی بۆ چەندیین دەیە کۆتایی بێن.

لە کۆڕبەندێکدا لە رێی ڤیدیۆوە، کە دەسەڵاتدارانی شاری دوبەی رێکیان خستبوو، رایگەیاند: “لەسەر ئاستی جیهاندا، پەتایەکە هێشتا خێرایە، بەر لە 3 مانگ یەکەم ملیۆن حاڵەتە راگەیەندرا، بەڵام دوایین ملیۆنی تووشبووە نوێیەکە تەنیا لە ماوەی 8 رۆژدا راگەیاندرا”.

گوتیشی: “بەڵام ئێمە دەزانین، کە پەتایەکە گەورەترە لە تەنگژەیەکی تەندروستی، بەڵکو بریتییە لە تەنگژەی ئابووری و تەنگژەی کۆمەڵایەتی، لە چەندیین وڵاتیشدا تەنگژەی سیاسی و کاریگەرییەکانیشی بۆ چەندین دەیەی داهاتوو بەردەوام دەبن”.

پێشی وایە کە: “پەتای کۆڤید- 19 کاریگەریی لەسەر تێکڕای کەرتەکان هەیە، بۆیە بەدەنگەوەچوونی حکوومەتەکان و کۆمەڵگا بەگشتی، کارێکی سەرەکییە نەک تەنیا بۆ سەرکەوتن بەسەر پەتایەکە، بەڵکوو بۆ چاکبوونەوەش”.

ڤایرۆسی کۆرۆنا لەوەتەی لە کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو لە چیین دەرکەوتووە، بەگوێرەی ئەو سەرژمێرییانەی لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە راگەیاندراون، تا ئێستا لانی کەم 465,300 قوربانیی لەسەرانسەری جیهان لێ کەوتووەتەوە.

بە فەرمییش تا ئێستا زیاتر لە 8 ملیۆن و 890 هەزار تووشبوو بە پەتایەکە لە 196 وڵات و هەرێمدا راگەیاندراوە، ئەم داتایانە ژمارەی راستەقینەی تووشبووان نیین، چونکە زۆر وڵات پشکنین بۆ دۆزینەوەی تووشبووان ناکات، تەنیا بۆ ئەوانە نەبێ، کە دۆخەکەیان پێویست دەکا بخرێنە نەخۆشخانەکانەوە.

بەگوێرەی ئاژانسی (فرانس پرێس)، لەنێو ئەو ژمارەی تووشبوواندا، بە لایەنی کەمەوە 4 ملیۆن و 139 هەزار و 100 کەس چاک بوونەتەوە.

هەڵگرتنی رێکارەکانی قەدەغەی هاتوچۆ، کە بووەتە هۆی داخستنی فڕۆکەخانە و شوێنە بازرگانییەکان و قوتابخانەکان و شوێنەکانی دیکە، لەسەرووی خشتەی کاری وڵاتە زیانمەندەکانە بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، بەڵام رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، رۆژی هەینی رایگەیاند، کە جیهان دەچێتە ناو “قۆناغێکی ترسناک”ەوە.

لە وتارەکەیدا لە كاتی کردنەوەی کۆڕبەندی تەندروستيدا، رۆژی دووشەمە، گبریسۆس داوای بەدەنگەوەچوونێکی خێرا و یەکگرتووی کرد بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پەتایەکە و ئامادەیی بۆ شێوەیەکی گەورەتر، بۆ رووبەڕوونەوەی نەخۆشییەکانی دیکە، کە هەڕەشە لە ئایندەی ملیۆنان
مرۆڤ دەکەن.

گوتیشی: “رەنگە پەتاییەکی کوشندە لە هەر ئان و ساتێکدا لە هەر وڵاتێک لە وڵاتەکاندا بدات و ملیۆنان کەسی لێ بکوژێ، چونکە ئێمە خۆمان بۆی ئامادە نەکردووە، نازانین پەتای داهاتوو کەی و لە کوێ روودەدات، بەڵام دەزانین کە زیانی زۆر گەورە لە ژیان و ئابووری جیهانیی دەدا”.

گوتیشی: “هیچ رێکخراو یان وڵاتێک ناتوانێ بە تەنیا شەڕی ئەم پەتایە بکات، ناشتوانین بەسەر ئەم هەڕەشە جیهانییەدا زاڵ بین، تەنیا بە کاری پێکەوەیی نەبێ. هەڕەشەی گەورە، کە ئێستا رووبەڕووی بووینەتەوە، هەر خودی ڤایرۆسەکە نییە، بەڵکو نەبوونی هاوکاریی جیهانی و سەرکردایەتیی جیهانییە”.

بەرپرسێکیش هۆشداری دا، کە: “ناتوانین بە جیهانێکی دابەش بووەوە بەسەر ئەو پەتایە زاڵ بین، سیاسەت بووەتە هۆی کەڵەکەبوونی و هیچ کەس لە ئێمە لە دڵنیاییدا نیین، تا هەموومان لە دڵنیاییدا بین”.











باسنيوز




Top