موحسین رەزائی: ئەمریکا چەندین بەربەست و تەڵەیان لە رێگەی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی وڵاتەکەی بۆ ڤەنزوێلا دروستکردوە
لەکاتی بەڕێکەوتنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ئێران بۆ ڤەنزوێلا، ئەمریکییەکان دەیانوست بەربەست لە بەردەم گەیشتنی کەشتییەکاندا دروستبکەن
موحسین رەزائی، ئەمینداری کۆمەڵەی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران لەمیانەی لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لە تارانی پایتەخت رایگەیاند، لەکاتی بەڕێکەوتنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ئێران بۆ ڤەنزوێلا، ئەمریکییەکان دەیانوست بەربەست لە بەردەم گەیشتنی کەشتییەکاندا دروستبکەن.
تاران ناچاربوە فڕۆکەی سەربازی بنێرێت و بەسەر کەشتیەکانی ئەمریکادا بفڕێت
ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی ئەو کارەوە تاران ناچاربوە فڕۆکەی سەربازی بنێرێت و بەسەر کەشتیەکانی ئەمریکادا بفڕێت، بەهۆی ئەو هۆشدارییەوە هێزەکانی ئەمریکا کشاونەتەوە و کەشتییە نەوتهەڵگرەکان بە سەلامەتی گەیشتنە ڤەنزوێلا.
لەلایەکی دیکەوە لیوا محەمەد باقڕی، فەرماندەی ئەرکانی سوپای ئێران رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا چەندین بەربەست و تەڵەیان لە رێگەی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی وڵاتەکەی بۆ ڤەنزوێلا دروستکردوە، بەڵام توانیویانە ئەو هەوڵانە پوچەڵبکەنەوە.
کۆتایی مانگی رابردو ئێران پێنج کەشتی نەوتهەڵگری رەوانە ڤەنزوێلا کرد، بەمەبەستی هاوکاریکردنی ئەو وڵاتە لە کەمکردنەوەی قەیرانی سوتەمەنی، ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ بەردەوامیدان بەو پڕۆسەیە دەربڕی ئەگەر کاراکاس داوا بکات.
خەندان
