دادگای تورکیا داوای هەڵگرتنی پارێزبەندیی یاسایی لەسەر 95 پەرلەمانتاری جەهەپە دەکات
دادگای باڵای تورکیا داوای هەڵگرتنی پارێزبەندیی یاسایی لەسەر 95 پەرلەمانتاری وڵاتەکەی دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە 22-6-2020، رۆژنامەی (سۆزجو)ی تورکی بڵاوی کردووەتەوە، کە 217 کەیسی دادگا لەسەر 95 ئەندام پەرلەمانتاری جەھەپە کراوەتەوە، کە 141 کەیس تایبەتە بە ”سووکایەتی“ی ئەو پەرلەمانتارانە بە رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرکۆماری وڵاتەکەیان.
هەروەک ئەو رۆژنامە تورکییە بڵاوی کردووەتەوە، دادگای باڵای ئەو وڵاتە داوای لە پەرلەمان کردووە پارێزبەندیی یاسایی لەسەر ئەو 95 پەرلەمانتارەی جەهەپە هەلبگرێت، وەک ئامادەکارییەک بۆ دادگاییکردنیان.
ئۆزگور ئۆزال، پەرلەمانتاری جەھەپە لە لێدوانێکیدا بۆ هەمان رۆژنامە، داوای کردووە ئەو ماددەیەی دەستوور ھەڵبگیرێت، کە ئەوەی سووکایەتی بە سەرکۆمار بکات بدرێتە دادگا، چونکە ئەو ماددەیە خراپ لە لایەن پارتی دەسەڵاتەوە بەکار دەهێندرێت و رەخنەگرتنیش لە سەرکۆمار بە سووکایەتی هەژمار دەکات.
بەپێی زانیارییە مێژووییەکان، زۆرترین داوای یاسایی لەلایەن سەرکۆمارەکانی تورکیاوە بە تۆمەتی سووکایەتیکردن بە سەرکۆمار، لە سەردەمی دەسەڵاتی چوار سەرکۆمار تۆمار کراوە، کە بریتین لە؛
- سولەیمان دەمیراڵ (1993- 2000)
71 داوای یاسایی
- نەجدەت سیزار (2000 - 2007)
82 داوای یاسایی
- عەبدوڵڵا گویل (2007- 2014)
233 داوای یاسایی
- رەجەب تەییب ئەردۆغان (2014 تا ئێستا)
پێنج هەزار و 683 داوای یاسایی
باسنيوز
