سەرۆکی رووسیای سپی: ژن ناتوانێ سەرۆکایەتیی وڵات بکات
ئەلێکسەندەر لوکاشینکۆ، سەرۆکی رووسیای سپی رایگەیاندووە، دەستووری وڵات ئەرکێکی زۆری خستووەتە سەر شانی سەرۆکی وڵات و ژنان ناتوانن لە ئەستۆی بگرن.
ئەلێکسەندەر لوکاشینکۆ هەروەها رایگەیاندووە، لەو لێدوانەیدا، مەبەستی نییە لە رێز و پێگەی ژن کەم بکاتەوە، بەڵام ئەرکەکە سەختە و ”سەرۆکایەتیی وڵات تەنانەت بۆ پیاوانیش زۆر زەحمەتە“.
سەرۆکی رووسیای سپی دڵنیایی خۆی لەوە نیشان داوە، کە ئۆپۆزیسیۆنی وڵات ناتوانێ ئەو لێدوانەی بەکار بهێنێ و ژنان لە دژی ئەو هان بدات، چونکە ”ئەگەر ژن نەبا منیش نەمدەتوانی ئەو پۆستە بەڕێوە ببەم“.
رووسیای سپی وڵاتێکی ئەوروپای رۆژهەڵاتە و یەکێک بوو لە وڵاتەکانی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو (رووسیای ئێستا).
ژمارەی دانیشتووانی رووسیای سپی زیاتر لە نۆ ملیۆن و 500 هەزار کەسە و ئەلێکسەندەر لوکاشینکۆ لە ساڵی 1994ـەوە سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی دەکات.
باسنيوز
