ترەمپ: بەهۆی کۆرۆناوە جارێکی دیکە وڵات داناخەمەوە

 ترەمپ: بەهۆی کۆرۆناوە جارێکی دیکە وڵات داناخەمەوە


خەندان -

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا رایگەیاند، جارێکی دیکە بەهۆی کۆرۆناوە کۆمپانیا و دامەزراوەکانی وڵاتەکەی داناخاتەوە، ئەمە لەکاتێکدایە لە زۆرینەی ویلایەتەکانی ئەو وڵاتە ژمارەی توشبوانی کۆرۆنا روی لە زیادبون کردوە.

جارێکی دیکە سنورەکانی وڵاتەکەی بەهۆی کۆرۆناوە داناخاتەوە، ناچارنین ئەو کارە بکەن


دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەمیانەی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز-ی ئەمریکی رایگەیاند، جارێکی دیکە سنورەکانی وڵاتەکەی بەهۆی کۆرۆناوە داناخاتەوە، ناچارنین ئەو کارە بکەن.

ئەمریکا جارێکی دیکە چالاکییە ئابورییەکانی وڵاتەکەی بەهۆی زیادبونی ژمارەی توشبوانەوە ناوەستێنێتەوە


هاوکات لاری کودلۆ، راوێژکاری ئابوری کۆشکی سپی و ستیڤن منوشین، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا دەڵێن، حکومەتی ئەمریکا جارێکی دیکە چالاکییە ئابورییەکانی وڵاتەکەی بەهۆی زیادبونی ژمارەی توشبوانەوە ناوەستێنێتەوە.

لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا خوێندنگا و چێشتخانە و سەرجەم شوێنە گشتییەکانی وڵاتەکەی داخست و گەشتە نێودەوڵەتییەکانی بەڕوی جیهاندا راگرت.

بەم دوایانەش لەچەند ویلایەتێکی ئەمریکا لە نێوانیشیاندا تەکساس، فلۆریدا و کالیفۆرنیا ژمارەی توشبوانی کۆرۆنا هەڵکشانی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بەوەش ئەگەری دوبارە پەکخستەوەی جموجۆڵە بازرگانییەکان سەریهەڵداوەتەوە.

ئەمریكا زۆرترین قوربانی كۆرۆنای تێدا تۆماركراوە و تا ئەمڕۆ پێنج شەممە بەكاتی هەرێم، دو ملیۆن و 234 هەزار و 471 توشبوی پەتاكە لە ئەمریكا تۆماركراوە، لەو ژمارەیەش 119 هەزار و 941 كەس گیانیان لەدەستداوە.




باسنيوز
Top