توركیا و ڕووسیا بۆچی لەبارەی لیبیاوە نەگەیشتنە رێككەوتن؟
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی كەوتووەتە دەستی ئاژانسی (BBC)ی توركی، رووسیا و توركیا لەبارەی لیبیاوە بۆچوونی جیاوازیان هەیە و نەگەیشتوونەتە رێككەوتن.
لە مانگی یەكی ئەمساڵەوە، رووسیا و توركیا رێككەوتن لەسەر ئەوەی ئاگربەست لە لیبیا دروست ببێت، بەڵام پرسیار ئەوەیە بۆچی ئێستا ناگەنە رێككەوتن؟
بەرپرسێكی ناو وەزارەتی دەرەوەی توركیا بەبێ ئەوەی ناوی بهێنرێت قسەی بۆ (BBC) كردووە و، دەڵێت لەڕووی پرەنسیپەوە لەبارەی لیبیا جیاوازییان نییە، بەڵام رووسیا و توركیا لەبارەی ئاگربەستێكی بەردەوام هەنگاوی جیدییان نەناوە.
"سیرتە" كە دەكەوێتە نێوان تەرابلووس و بەنغازی، كەوتووەتە دەستی هێزەكانی حكوومەتی سەراج، بێگومان ئەوەش بە هاوكاریی سوپای توركیا بووە، بەڵام لاڤرۆڤ ئەوەی نەشاردووەتەوە، كە رووسیا دەیەوێت بنكەی سەربازیی (جوفرە) بەكار بهێنێت بۆ لێدانی هێزەكانی سەراج تا بتوانن شاری سیرتە بكەوێتەوە دەستی خەلیفە حەفتەر.
لە ٤ی حوزەیران فایز سەراج سەرۆكوەزیرانی لیبیا هاتە ئەنقەرە و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان كۆبووەوە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیشدا ئەردۆغان ئاماژەی دا كە بە هیچ شێوەیەك دانوستاندن لەگەڵ خەلیفە خەفتەردا ناكەن. لە بەرامبەردا لە ٦ی حوزەیران خەلیفە حەفتەر چووە میسر و لەوێ لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی سەرۆك كۆماری میسر كۆ بووە و، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا سیسی وەكوو هەڕەشەیەك بۆ توركیا گوتی پێویستە هەموو هێزێكی بیانی لە لیبیا بچێتە دەرەوە. هەروەها ئاماژەی دا كە لە نەتەوە یەكگرتووەكان داوا دەكەن دانوستاندن بۆ هێوربوونەوەی بارودۆخی لیبیا لە نێوان لایەنەكان ئەنجام بدرێت.
وەكوو ئەوەی میدیاكانی توركیا باسی دەكەن، ئەگەر بێت و رووسیا و توركیا نەگەنە رێككەوتن لەبارەی لیبیاوە، شەڕێگی گەورە لە لیبیا روو دەدات، چونكە هەریەك لە میسر و ئیمارات و فەرەنسا و رووسیا بە ئاشكرا پشتگیری لە حەفتەر دەكەن و دەیانەوێت پێگەی توركیا لە لیبیا لاواز بكەن.
باسنيوز
