میسر دەرمانی دژەکۆرۆنا هەناردەی 127 وڵات دەکات

 میسر دەرمانی دژەکۆرۆنا هەناردەی 127 وڵات دەکات
کۆمپانیایەکی پزیشکیی میسری دەرمانی چارەسەرکردنی پەتای کۆرۆنا هەناردەی 127 وڵاتی جیهان دەکات.

کۆمپانیای (ئیڤا فارما)ی میسری لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، لەگەڵ کۆمپانیای (جیلیاد ساینز)ی ئەمریکی گەیشتووەتە رێککەوتن بۆ دروستکردنی دەرمانی ریمدێسیڤیر (Remdesivir)، کە لە چارەسەرکردنی تووشبووانی کۆرۆنا بەکاردێت.

هەروەک میدیا میسرییەکان بە پشتبەستن بە بەیاننامەی کۆمپانیای ئیڤا فارما بڵاویان کردووەتەوە، رێککەوتنەکەی ئەو دوو کۆمپانیا میسری و ئەمریکییە تایبەتە بە دروستکردن و هەناردەکردنی دەرمانەکە بۆ 127 وڵاتی جیهان.

ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کۆتایی ساڵی رابردوو لە شاری وهان لە چین سەری هەڵدا و دواتر رێکخراوی تەندروستیی جیهانی وەک پەتایەکی جیهانی ناوی کرد.

تا ئێستا حەوت ملیۆن و 946 هەزار و 576 کەس لە سەرانسەری جیهان تووشی پەتای کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەشدا، 435 هەزار و 575 کەس گیانیان لە دەست داوە.








باسنيوز
Top