پۆلیسی ئینتەرپول دادوەرێکی ئێرانیی لە ڕۆمانیا دەستگیر کرد

پۆلیسی ئینتەرپول دادوەرێکی ئێرانیی لە ڕۆمانیا دەستگیر کرد
بەپێی زانیاریی میدیاکانی ئێران، دادوەرێکی ئێرانی بەناوی "غوڵامڕەزا مەنسووری" کە لە کاتی خۆپیشادانەکانی ساڵی پاردا لە ئیران حوکمی زیندان و سیدارەی دەیان کەسی داوە، لە ڕۆژانەدا سەردانی ئەڵمانی کردووە و لە کاتی چوونی بۆ ڕۆمانیا لەلایەن پۆلیسی ئینتەرپولەوە دەستگیر کراوە.

ئەم دەستگیرکرانەی غوڵامڕەزا مەنسووری لە کاتێک دایە کە کۆمەڵێکی بەرچاو لە چالاکوانانی سیاسیی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لە ئەڵمانیا داوایان لە دادگای فیدراڵی ئەڵمانیا کرد کە دەستگیر و دادگایی بکرێت و دادگای فیدراڵی ئەڵمانیش دوێنێ هەینی ئەو سکاڵایەی قەبووڵ کرد، بەڵام هیچ وردەکارییەکی لەمبارەوە بڵاو نەکردووەتەوە.

هاوکات لەمبارەوە ماڵپەڕی (تەسنیم)ی سەر بە سوپای پاسداران لەزاری غوڵامحوسێن ئیسماعیلی گوتەبێژی دەزگای دادوەریی ئێرانەوە بڵاوی کردووەتەوە کە غوڵامڕەزا مەنسووری یەکێک لە دادوەرانی تاوانباری دۆسیە گەندەڵییەکانە و لە ئیران هەڵاتووە و لە ڕۆمانیا لەلایەن پۆلیسی ئینتەرپۆلەوە دەستگیر کراوە، بەڵام لەبەر ڕێکارەکانی پەتای کۆرۆنا گەڕانەوەی بۆ ئێران دوا خراوە.

بڵاوکراوەیەکی ئەڵمانی دوو ساڵ پێش بڵاوی کردبووەوە کە دادوەر مەسنووری ساڵی ٢٠١٧ ڤیزی شێنگێنی دوو ساڵەی بۆ ئەڵمانیا وەرگرتووە، بەڵام پێشتر بۆ خۆی لە گرتە ڤیدیۆیەکدا ئاشکرای کردبوو کە ساڵی ٢٠١٩ لە ئیران هەڵاتووە.

دادوەر مەنسووری لە حالێکدا خانەنەشین کراوە لە ئێران، بەڵام دۆسیە سیاسییەکانی شاری "لواسانات"ی تاران، دادوەری لقی ٩ی دادگای کارمەندانی دەوڵەت و دادگای چاپەمەنییەکانی تارانی لە ئەستۆ بووە، هاوکات لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ئێراندا حوکمی زیندانی و سێدارەی بۆ دەیان کەس دەرکردووە.

لە چەند دۆسیەیەکدا بەوە تۆمەتبار کراوە کە 500 ملیۆن تمەن (نزیکەی ١٠٠ هەزار دۆلار) بەرتیلی وەرگرتووە، هاوکات یارمەتیی چەندان کەسی دیکەی داوە کە بە شێوەی نایاسایی چەندان بینا و ڤێلایان ساز کردووە.

لە ڕۆژانی رابردوودا ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێنسوور، کە پارێزەری ڕۆژنامەنووسان داوایان لە دادگای فیدراڵی ئەڵمانیا کردبوو قازی مەنسووری دەستگیر بکرێت، هاوکات کۆمەڵێک لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و چالاکوانانی مافی مرۆڤی کورد و ئێرانی سکاڵان لەدژی تۆمار کردبوو.

دەستگیرکرانی ئەو دادوەرە ئێرانییە لە ڕۆمانیا و بڵاوکردنەوەی لەلایەن ماڵپەڕی سوپای پاسداران لە کاتێکدایە کە ئەو دادوەرە وەک دادوەرێکی فەرمیی ئیران چەندین تاوانی کردووە، بەڵام دامودەزگاکانی حکوومەتی ئێران لەبەر ئەوەی نایانهەوێ دۆسیەی ناوبراو وەک دادوەرێکی تۆمەتباری ئێرانی بخرێتە گەڕ، دەیانهەوێ خودی ئیران بکرێتەوە.








باسنيوز
Top