ئەڵمانیا نیگەرانی لەبارەی پلانی سەپاندنی دەسەڵاتی ئیسرائیل لە بانکی رۆژئاوا دەردەبڕێت
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا نیگەرانی وڵاتەکەی لەبارەی پلانی سەپاندنی دەسەڵاتی ئیسرائیل لە بەشە داگیرکراوەکانی بانکی رۆژئاوا دەربڕی، بەڵام بەشێوەی راستەوخۆ هەڕەشەی سەپاندنی سزای بەسەر ئەو وڵاتەدا نەکرد.
لەسەردانەکەم بۆ ئیسرائیل هەڵوێستی وڵاتەکەم لەبارەی پلانی سەپاندنی دەسەڵاتی ئیسرائیل و مەترسییەکانی بەرەوپێشبردنی ئەو پرۆسەیە دەربڕیوە
هایکۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لەگەڵ گابی ئەشکنازی، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، "لەسەردانەکەم بۆ ئیسرائیل هەڵوێستی وڵاتەکەم لەبارەی پلانی سەپاندنی دەسەڵاتی ئیسرائیل و مەترسییەکانی بەرەوپێشبردنی ئەو پرۆسەیە دەربڕیوە".
ئەگەر بیانەوێت پلانەکەیان بەرەوپێش بەرن، دەرئەنجامی خراپی لێدەکەوێتەوە
ماس ئاماژەی بەوەشکرد، هۆشدارییم داوە بە ئیسرائیل ئەگەر بیانەوێت پلانەکەیان بەرەوپێش بەرن، دەرئەنجامی خراپی لێدەکەوێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە نوسینگەی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ماس بە نەتانیاهۆی راگەیاندوە پلانی راستەقینە ئەوەیە ئیسرائیل هەوڵی فراوانکردنی دەسەڵاتی خۆی نەدات، بە دەرکردنی دانیشتوانی بەشە داگیرکراوەكانی بانکی رۆژئاوا لە ناوچەکانیان.
ئەڵمانیا یەکێکە لەو وڵاتانەی یەکێتی ئەوروپا، سەپاندنی دەسەڵاتی ئئیسرائیل لە بانکی رۆژئاوا بە سەرپێچی لە یاسا نێودەوڵەتییەکان ناودەبات، هۆشداریشی داوەتە ئیسرائیل کە نایەڵێت ئەو هەنگاوە بەبێ سزا تێپەڕبێت.
بانکی رۆژئاوا ناوچەیەکە لە نزیک دەریای سپی ناوەراست، دەکەوێتە بەرەی رۆژئاوای ئیسرائیلەوە و لە رۆژهەڵاتەوە دەکەوێتە سنوری ئوردن، ئیسرائیل لە ساڵی 1967 لە شەڕی "شەش رۆژە" بەشێکی زۆری ئەو ناوچەیەی داگیرکرد و لە ئێستادا دەیەوێێت بە فەرمی و بە پاڵپشتی پلانی ئاشتی ترەمپ، کە بە رێککەوتننامەی سەدە ناسراوە، دەسەڵات خۆی لەو ناچانە بسەپێنێت و بخاتە سنوری وڵاتەکەیەوە.
خەندان
