بەرپرسێکی تەندروستیی ئێران: 15 ملیۆن هاووڵاتیمان تووشی کۆرۆنا بوون
نوێترین لێدوانی سەرۆكی ناوەندی توێژینەوەی نەخۆشییە نوێكان لە ئێران كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا ھێنا، دكتۆر ئیحسان موستەفەوی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "تاوەکو ئێستا 15 ملیۆن كەس لە ئێران تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون".
ئەو لێدوانە ترسێكی زۆری لای ھاووڵاتییانی ئێران دروستکردووە، لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسانی ئێران نایشارنەوە رەنگە تاوەكو ئێستا 15% بۆ 20%ـی دانیشتووانی ئێران و رۆژھەڵاتی كوردستان تووشی كۆرۆنا بووبن، جا ئەگەر ھەستیان پێكردبێت یان نا.
كیانووش جەھانپوور، گوتەبێژی پێشووی وەزارەتی تەندروستیی ئێرانیش لەمبارەیەوە رایگەیاندووە، ئەگەر بەمزووانە ڤاكسینی كۆرۆنا بهرههم نههێنرێت، 50% بۆ 70%ـی خەڵكی ئێران تووشی كۆرۆنا دەبن.
جەھانپوور هەروەها رایگەیاندبوو "ژمارەی پشكنینەكان لە ئێران كەمن، بەدواداچوونێكی جیدیش بۆ ئامارەكان نەكراوە، بۆیە ئاماری تووشبووان لە ئێران زۆر لەوەی كە رادەگەیەندرێت زیاترە"، ئەو لێدوانە راشكاوەی یەكێك لەو ھۆكارانە بوو، كە جەھانپووریان لە پۆستەكەی لادا.
ئامارە فەرمییەكان باس لەوە دەكەن نزیكەی 180 ھەزار كەس لە ئێران و رۆژھەڵاتی كوردستان تووشی كۆرۆنا بوون، 8 ھەزار و 508 كەسیش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە، بەڵام ئەوە لەكاتێكدایە لە ئێران كە زیاتر لە 82 ملیۆن دانیشتووی ھەیە، تەنیا پشكنین بۆ یەك ملیۆن و 100 ھەزار كەس كراوە، ئەوەش نیشانی دەدات كە ھۆشدارییەكەی گوتەبێژی پێشووی وەزارەتی تەندروستی ئێران جیدییە و رەنگە ژمارەی تووشبووان زۆر لەوە زیاتر بێت كە رادەگەیەندرێت.
K24 -
