بایدن: جیاکاری رەگەزی لە سەرجەم دامەزراوەکانی ئەمریکا بونی هەیە
رەگەزپەرستی لە هەمو شونێکی وڵاتەکە بونی هەیە
جۆبایدن، جێگری سەرۆکی پێشوی ئەمریکا و کاندیدی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکانی ئەمساڵی وڵاتەکە لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، رەگەزپەرستی نەک هەر لە دامەزراوەکانی پاراستنی یاسا (پۆلیس و ئاسایش) بەڵکو لە هەمو شونێکی وڵاتەکە بونی هەیە.
پیاوانی پۆلیسی بەهۆی جێبەجێکردنی یاساکانەوە توشی چەندین نمونەی رەگەز پەرستی دەبنەوە
ئاماژەی بەوەشکرد، پیاوانی پۆلیسی وڵاتەکە رەگەز پەرستنین، بەڵکو کاتێک کار لە دامەزراوەکانی پۆلیسدا دەکەن بەهۆی جێبەجێکردنی یاساکانەوە توشی چەندین نمونەی رەگەز پەرستی دەبنەوە.
بایدن باسی لەوەشکرد، هیچ داوایەک بۆ کەمکردنەوەی پاڵپشتییە داراییەکانی پۆلیسی وڵاتەکەی پێشکەش نەکراوە، ئەو پشگیری زیادکردنی دارایی بۆ پۆلیسی وڵاتەکەی دەکات، چونکە ئەوان پێوەری بنەڕەتین بۆ هەڵسوکەوت و رەوشت لە وڵاتدا.
دوێنێ سێشەممە میدیاکانی ئەمریکا رایانگەیاند، نۆ ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای مینیاپۆلسی گەورەشاری ویلایەتی مینەسۆتە داوای هەڵوەشاندنەوەی یەکەی پۆلیسی ئەو شارەیانکردوە، بەگوێرەی دەستوری ئەو ویلایەتە ئەو نۆ ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگا دەتوانن یەکەی پۆلیسی شارەکەیان هەڵوەشێننەوە.
لەبەرامبەردا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریكا لەمیانی كۆبونەوەیەكی لەگەڵ بەرپرسانی حكومی وڵاتەكەی لەكۆشكی سپی رایگەیاند، هیچ یەكەیەكی پۆلیس هەڵناوەشێننەوە و پۆلیس كەسی خراپی تێدانیە.
خەندان
