روسیا و چین دۆسیەیەک بۆ پارێزگاریکردن لە ئێران دەکەنەوە
وڵاتانی روسیا و چین دەستیانکردوە بە بەرزکردنەوەی داوایەک بۆ نەتەوە یەکگرتوەکان، لە دژی هەوڵەکانی واشنتن بۆ گەڕانەوەی سەرجەم سزانی سەر ئێران لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.
ئەو داواکارییە کە لە 27ی مانگی رابردو لەلایەن سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا و وانگ یی، گەورە دیپلۆماتکاری حکومەتی چین لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێوەدەوڵەتی بۆ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان نوسراوە و لەم هەفتەیەدا ئاشکراکراوە.
هەڕەشەکانی واشنتن بە گەڕانەوەی سزا سەپێنراوەکانی سەر کۆماری ئیسلامی ئێران نابەرپرسانە و بێ بنەمایە
مۆسکۆ و پەکین هەڕەشەکانی واشنتن بە گەڕانەوەی سزا سەپێنراوەکانی سەر کۆماری ئیسلامی ئێران بە "نابەرپرسانە و بێ بنەما" ناودەبەن.
داواکەی واشنتن لە داوای ئەو کەسە دەچێت کە داوای گەڕانەوەی کێکێک دەکات کە خۆی خواردویەتی
لاڤرۆڤ لەو داواکاریەدا دەڵێت، "داواکەی واشنتن لە داوای ئەو کەسە دەچێت کە داوای گەڕانەوەی کێکێک دەکات کە خۆی خواردویەتی".
وەزیری دەرەوەی روسیاش ئەوەی خستوەتەڕو، بەپێی یاسای ساڵی 1971ی دادگای نێودەوڵەتی، کە بنەمای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی تیادا دەستنیشانکراوە، هەر لایەنێک کە لە رێککەوتننامەیەک کشابێتەوە، مافی ئەوەی نییە هیچ داوایەک بۆ پاراستنی مافەکانی خۆی لەو رێککەوتننامەیە پێشکەش بکات.
کیلی کرافت، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتوەکان رایگەیاندوە، بەمنزیکانە پڕۆژە بڕیاری یاساغکردنی فرۆشتنی چەک بە ئێران دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
7ی ئایاری ساڵی 2018 واشنتن لە رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 کشایەوە، بەپێی ئەو رێککەوتننامەیە سەرجەم سزا سەپێنراوەکان ئێران لە نەتەوە یەکگرتوەکان لەسەر ئەو وڵاتە لادرا.
لە ئێستادا واشنتن هەڕەشەی ئەوە دەکات ئەگەر بریاری قەدەغەکردنی فرۆشتنی چەک بە ئێران لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی درێژ نەکرێتەوە، کە بریارە لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا کۆتای پێبێت، ئەوا داوای گەڕانەوەی سەرجەم سزا سەپێنراوەکانی سەر ئەو وڵاتە دەکات لە نەتەوەیەکگرتوەکان.
خەندان
