پەکین: بەشداری لە دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ واشنتن و مۆسکۆ ناکەین
هەڵوێستی پەکین نەگۆڕاوە، بەشداری لەو دانوستانانەدا ناکات
هوا چون ینگ، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ئەمڕۆ سێشەممە لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی ئەوەی ئایا وڵاتەکەی بانگهێشتنامەی لەبارەی بەشداریکردن لە کۆبونەوەی سێقۆڵی بۆ ئەنجامدانی دانوستان لەبارەی داماڵینی چەک لەگەڵ واشنتن و مۆسکۆ پێگەیشتوە رایگەیاند، "هەڵوێستی پەکین نەگۆڕاوە، بەشداری لەو دانوستانانەدا ناکات".
ئاماژەی بەوەشکرد، واشنتن بەردەوام هەوڵدەدات چین بخاتە رێککەتنی نێوان خۆی روسیا، کە بە رێککەوتنی ستارتی نوێ ناسراوە و بەمەبەستی دانانی سنورێک بۆ پڕچەککردنی هەردو وڵات واژۆکراوە.
ئەگەر ئەمریکا بیەوێت خۆی لە بەرپرسیارێتی بدزێتەوە وڵاتانی دیکە تۆمەتبار دەکات
هوا چون ینگ باسی لەوەشکرد، هەڵوێستی ئەمریکا هەمیشە بەوجۆرە بوە ئەگەر بیەوێت خۆی لە بەرپرسیارێتی بدزێتەوە وڵاتانی دیکە تۆمەتبار دەکات، هەرکاتێکیش بیەوێت لە رێککەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکاندا دەکشێتەوە.
دوینێ سێشەممە مارشاڵ بیڵینگسڵی، نێردەی تایبەتی ئەمریكا تایبەت بە كاروباری كۆنتڕۆڵكردنی چەك لە پەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند، لەگەڵ میخائیل ریابكۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا گەیشتوینەتە رێككەوتن سەبارەت بە كات و شوێنی دانوستانەكان لەبارەی چەكە ئەتۆمییەكان لە مانگی حوزەیراندا، چین-یش بەهەمانشێوە بۆ ئەو دانوستانە بانگهێشتكراوە.
رێككەوتننامەی ستارت تایبەت بە سنورداركردنی چەكە ستراتیجییەكان لە ساڵی 2021دا كۆتایی پێدێت و ویلایەتە یەكگرتوەكانیش مەرجی بەشداریكردنی چینی داناوە لەو رێككەوتننامەیەدا، بۆ درێژكردنەوەی ماوەكەی.
رێككەوتننامەی سنورداركردنی چەكە ستراتیجییەكان "ستارت-3" لە رێكەوتی 8ی نیسانی 2010 لەنێوان هەریەك لە باراك ئۆباما، سەرۆكی پێشوی ویلایەتە یەكگرتوەكان و دێمیتری مەدڤیدیڤ، سەرۆك وەزیرانی پێشوی روسیا واژۆكرا، كە وادەی كۆتاییهاتنی ساڵی 2021ە و تائێستا واشنتن بڕیاری نەداوە سەبارەت بە درێژكردنەوەی رێككەوتنەكە
خەندان
