لە مۆسکۆ قەدەخەی هاتووچۆ هەڵدەگیرێت

 لە مۆسکۆ قەدەخەی هاتووچۆ هەڵدەگیرێت
رووداو - هەولێر

لەدوای تێپەڕینی دوو مانگ، قەدەخەی هاتووچۆ لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا هەڵدەگیرێت و ژیان لەو شارە ئاسایی دەبێتەوە.

سێرگی سۆبیانین، سەرۆکشارەوانیی مۆسکۆ رایگەیاند، لە رۆژی سێشەممەوە رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شارەکەیان کەمدەکەنەوە و قەدەخەی هاتووچۆ هەڵدەگرن.

ئیدی دانیشتووانی مۆسکۆ بۆ هاتووچۆکردن پێویستیان بە وەرگرتنی مۆڵەتی ئەلیکترۆنی نییە، ئێستا دەتوانن بە ئازادانە بڕۆنە سەر کارەکانیان و هۆکارەکانی گواستنەوەی گشتیی بەکاربهێنن.

هاوکات رێگە بە کرانەوەی سەرتاشخانە و ئارایشتگاکان دەدرێت، بەڵام کافێ و چێشتخانەکان لە هەفتەی داهاتووەوە دەکرێنەوە.

هەڵگرتنی قەدەخەی هاتووچۆ لە مۆسکۆ لە کاتێکدایە بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و رێگریکردن لە زیاتر بڵابوونەوەی، لە کۆتاییەکانی ئاداری ئەمساڵ شارەوانیی مۆسکۆ قەدەخەی هاتووچۆی لە شارەکە راگەیاند و بازاڕ و شوێنە گشتییەکانی داخستن.

تاوەکو ئێستا لە رووسیا 476 هەزار و 887 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنابوون، لەو ژمارەیە 37 هەزار و 312 کەس گیانیان لەدەستداوە و 325 هەزار و 602 کەسیش چاکبوونەتەوە.








روداو
Top