تەندروستی جیهانی: کۆتاییهاتنی کۆرۆنا زۆر دورە
رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند، ئاماری توشبوانی نوێ لە جیهاندا زیادبونی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، پەتاکە هێشتا لە ئەمریکای ناوەراست نەگەیشتوەتە لوتکە، پێویستە وڵاتانی جیهان بەردەوام بن لە هەوڵەکانیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ڤایرۆسەکە.
هێشتا زوە هیچ وڵاتێک بەتەواوەتی واز لە رێکارەکانی خۆپارێزی بهێنێت لە ڤایرۆسەکە
تیدرۆس ئەدهانۆم گیبەرسۆس، بەرێوەبەری گشتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "لەگەڵ ئەوەی شەش مانگە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەستی بە بڵاوبونەوە کردوە، بەڵام هێشتا زوە هیچ وڵاتێک بەتەواوەتی واز لە رێکارەکانی خۆپارێزی بهێنێت لە ڤایرۆسەکە".
هاوکات مایک رەیان، گەورە شارەزای فریاکەوت لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند، راگەیاندنی کۆتایی هاتن بە بڵاوبونەوەی پەتاکە زۆر دورە، هێشتا ئاماری رۆژانەی توشبوانی کۆرۆنا لە ئەمریکای ناوەڕاست و گوانتیمالا لە زیادبوندایە، رەوشی بڵاوبونەوەی پەتاکە لەو وڵاتانە زۆر ئاڵۆزە.
لەئێستادا بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە لە جیهاندا گەیشتوەتە ئاستێک کە جێگەی نیگەرانییە
رەیان ئاماژەی بەوەشکرد، لەئێستادا بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە لە جیهاندا گەیشتوەتە ئاستێک کە جێگەی نیگەرانییە، داواشی لە وڵاتانی جیهان کرد بەردەوام بن لە هەوڵەکانیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ڤایرۆسەکە.
لە ئێستادا برازیل بە خاڵی گەرمی بڵاوبونەوەی پەتای کۆڤید-19 هەژمار دەکرێت، لەسەر ئاستی جیهان لەپلەی دوەمی ریزبەندی ئەو وڵاتانە دێت کە زۆرترین زیانیان بەهۆی کۆرۆناوە لێکەوتوە.
بەپێی داتا جیهانییەکان تا ئێستا حەوت ملیۆن و 201 هەزار و 477 توشبوی کۆرۆنا لەسەر ئاستی جیهان تۆمارکراون، لەو ژمارەیەش 408 هەزار و 788 کەس گیانیانلەدەەستداوە.
خەندان-
