ترەمپ: گەورەترین ئابوریم لەسەر ئاستی جیهان بنیاتناوە
ئەگەر لە ماوەی سێ ساڵی رابردودا بەرهەڵەستیم نەکرایە ئێستا لە راپرسیەکانی هەڵبژاردنەکاندا پاشەکشەم نەدەکرد
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە زنجیرە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی، "ئەگەر لە ماوەی سێ ساڵی رابردوی دەسەڵاتمدا لەرێگەی لێکۆڵینەوەی چەواشەکارانە و نا یاساییەوە بەرهەڵەستیم نەکرایە ئێستا لە راپرسیەکانی هەڵبژاردنەکاندا پاشەکشەم نەدەکرد".
ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئەگەر دیموکراتەکان تۆمەتی بونی دەستی روسیا لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ساڵی 2016 دروستنەکردایە و رێکارەکانی لەکارلابردنی منیان نەگرتایەتەبەر، ئێستا لە راپرسییەکانی هەڵبژاردنەکاندا بە 25 خاڵ لە پێش جۆ بایدنی خەواڵوەوە دەبوم".
لە ماوەی دەسەڵاتیداوە، گەورەترین ئابوری لەسەر ئاستی جیهاندا بنیاتنراوە، کە باشترین دەستکەوتی وڵاتەکەیەتی
ترەمپ باسی لەوەشکرد، لە ماوەی دەسەڵاتیداوە، گەورەترین ئابوری لەسەر ئاستی جیهاندا بنیاتنراوە، کە باشترین دەستکەوتی وڵاتەکەیەتی، جارێکی دیکەش هەمان کار ئەنجام دەداتەوە.
بەپێی راپرسیەک کە لەلایەن تۆڕی هەواڵی CNN-ی ئەمریکییەوە ئەنجامدرابو، جۆ بایدن، کاندیدی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکانی ئەمریکا، لەسەدا 51ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، لەبەرامبەردا ترەمپ لەسەدا 41ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.
خەندان-
