ئەڵمانیا: چین لە داهاتودا دەبێت بە گەورەترین هێز لە جیهاندا

 ئەڵمانیا: چین لە داهاتودا دەبێت بە گەورەترین هێز لە جیهاندا

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، چینی بە گەورەترین هێزی جیهان لە داهاتودا ناوبرد و رایگەیاند، پێویستە وڵاتەکەی دانوستانەکانی لەگەڵ پەکین تەنها لە بوارەکانی ئابوری و بازرگانی سنوردار نەکات، بەڵکو بۆ زۆر بواری دیکەش فراوانی بکات.

چین گەورەترین هاوبەشی ئەڵمانیایە لە بواری بازرگانی، لە داهاتوشدا دەبێت بە گەورەترین هێز لە جیهاندا


هایکۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لەمیانەی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی Bild am Sonntag کە ئەمڕۆ بڵاوکرایەوە رایگەیاند، "چین گەورەترین هاوبەشی ئەڵمانیایە لە بواری بازرگانی، لە داهاتوشدا دەبێت بە گەورەترین هێز لە جیهاندا".

ئاماژەی بەوەسکرد، پێویستە رێچکەی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی لەگەڵ چین تەنها لە بواری ئابوری و بازرگانیدا سنوردار نەکرێت، چونکە ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا پێویستیان بە دانانی ستراتیژییەکی بەهێزە بۆ پاراستنی بەهای ئازادییەکانیان.

لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ماس وتی، "بێگومان داوا لە چین دەکەین شەفافێتی تەواوەتی لەبارەی سەرچاوەی ڤایرۆسەکەوە بنوێنێت، لەو بروایەشدام کۆتایی بابەتەکە لە بەرژەوەندی چیندا بشکێتەوە".

تا ئێستاش ئەڵمانیا ئەندامی هاوپەیمانێتی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ)یە، بەڵام پەیوەندییەکانی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ئاڵۆزە

لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتەکەی، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، "تا ئێستاش ئەڵمانیا ئەندامی هاوپەیمانێتی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ)یە، بەڵام پەیوەندییەکانی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ئاڵۆزە".

هەینی رابردو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بریاریدا بە کشانەوەی نۆ هەزار و 500 سەربازی ئەمریکی لە ئەڵمانیا، بەو هەنگاوەش ژمارەی هێزەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە لە 34 هەزارەوە کەمدەکات بۆ 50 هەزار سەرباز.





خەندان
Top