دوو بەرپرسی باڵای ئیران بە توندی وەڵامی ترەمپیان دایەوە
محەمەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە تویتێکدا بە ئاماژە بە پێشنیازی دۆناڵد ترەمپ، سەرکۆماری ئەمریکا گوتبووی کە ئێستا کاتی دانوستانە و با چاوەڕێی ئەنجامی هەڵبژاردن نەبن، نووسیویە: "نابێ پێشنیاری سازان بە کافرەکان بدرێت" و هاوکات جەختی لەسەر خۆڕاگری کردووەتەوە.
هاوکات لە وەڵامی هەمان تویتی دۆناڵد ترەمپدا، موحسێن ڕەزایی، سەرۆکی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران لە تویتێکدا وەڵامی نای بە ترامپ داوەتەوە و نووسیویە: "ئێستا ترامپ لە زەلکاودا گیری کردووە و هەر کاتێ لەو زەلکاوەی کە خۆتان سازتان کردووە، ڕزگارتان بوو، ئەوە دەسکەوتە، چونکە دانوستان لەگەڵ ئەمریکا ژەهرە.
موحسێن ڕەزایی ئاماژەی بەوە نەکردووە کە مەبەستی لە زەلکاو چییە، بەڵام مەبەستی لە "ژەهر" هەمان ئاماژە بە قسەکانی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێرانە کە ڕای گەیاندووە: "دانوستان لەگەڵ ئەمریکا بەگشتی ژەهرە و دانوستان لەگەڵ ئەم دەوڵەتەی ئەمریکا ژەهرێکی مەترسیدارەترە".
هەڵوێستی ئەم دوو بەرپرسە باڵایەی ئێران لە کاتێکدایە کە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو پاشا ئازادکرانی "مایکل وایت" بەندکراوی ئەمریکی کەلە ئێران ئازاد کرا، ڕای گەیاندبوو کە ئازادکرانی ئەو هاووڵاتییە ئەمریکییە نیشانەی زەمینەیەکە بۆ گەیشتنە بە ڕێککەوتنێک و داوای لە حکوومەتی ئێران کرد بۆ ڕێککەوتن و دانوستان چاوەڕێی ئەنجامی هەڵبژاردن نەبن.
دۆناڵد ترەمپ لە چەند تویتیدا لەمبارەوە سپاسی ئێرانی کرد و ڕوو بە بەرپرسانی باڵای ئێران گوتی: "من لە هەڵبژاردندا دەیبەمەوە، ئێوە هەر لە ئێستاوە دەگەنە ڕێککەوتنێکی باشتر".
باسنيوز
