حکوومەتی ئەمریکا بەهۆی خۆپیشاندانەوە هاتوچۆ لە 40 شاری وڵاتەکەی قەدەغە دەکات

حکوومەتی ئەمریکا بەهۆی خۆپیشاندانەوە هاتوچۆ لە 40 شاری وڵاتەکەی قەدەغە دەکات


حکوومەتی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەکان، هاتوچۆ لە 40 شاری وڵاتەکەی قەدەغە دەکات.

تا ئێستا بەهۆی بەکارهێنانی توندوتیژی دژی خۆپیشاندەرانەوە، شەش خۆپیشاندەری ئەمریکی گیانیان لەدەست داوە و هێزە ئەمنییەکان زیاتر لە چوار هەزار و 400 خۆپیشاندەریان دەستگیر کردووە.

حکوومەتی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنانی خۆپیشاندانەکان، بڕیاری قەدەغەکردنی هاتوچۆی لە 40 شاری وڵاتەکەی داوە و لە سێ ویلایەتیش باری نائاسایی راگەیاندووە.

ئەو خۆپیشاندانانە، کە ژمارەیەک شاری ئەمریکایان گرتووەتەوە، دوای کوشتنی هاووڵاتییەکی رەشپێستی ئەمریکی بە ناوی جۆرج فلۆید ساز دەکرێن، کە رۆژی 25-5-2020 بە دەستی پۆلیسێکی سپیپێست کوژرا.

پێشتریش دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا داوای لە حاکمی ویلایەتەکانی وڵاتەکەی کرد بوو بڕیاری توندتر دژی خۆپیشاندەران بدەن، ئەگەرنا حکوومەتی ئەمریکا هێزی سەربازی دژی خۆپیشاندەران بەکار دەهێنێت و خۆپیشاندەران دەستگیر دەکات.

جۆرج فلۆیدی تەمەن 46 ساڵ، لە شاری میناپۆلیس لە ویلایەتی مینیسۆتای ئەمریکا چووبووە دوکانێک و دراوی 20 دۆلاری بۆ کڕینی کەلوپەل بەکار هێنابوو، بەڵام خاوەنی دوکانەکە گومانی ساختەبوونی دۆلارەکەی کردبوو و پەیوەندیی بە پۆلیس کردبوو.

دوای گەیشتنی بە دوکانەکە، پۆلیسێکی سپیپێست چۆکی خۆی خستبووە سەر ملی جۆرج فلۆید و ئەویش هاواری دەکرد ”ناتوانم هەناسە بدەم“، بەڵام پۆلیسەکە گوێی بە هاواری ئەو پیاوە رەشپێستە نەدا و کوشتی.






باسنيوز
Top