خۆپیشاندەرانی ئەمریکا گەیشتە کۆشکی سپی و ترەمپ خۆی دەشارێتەوە
درەنگانی شەوی یەکشەممە 31-5-2020، خۆپیشاندەرانی ئەمریکا گەیشتنە دەوروبەری کۆشکی سپی و هێزە ئەمنییەکان بە بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ و توندوتیژی، هەوڵیان دا بڵاوەیان پێ بکەن.
بەپێی هەواڵێکی (سکای نیوز)، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە ترسی خۆپیشاندەران، بە ناچاری چووەتە شوێنێکی زۆر پارێزراوی کۆشکی سپی و ماوەی یەک کاتژمێر لەناوی ماوەتەوە.
ئەو خۆپیشاندانە، کە ژمارەیەک شاری ئەمریکایان گرتووەتەوە، دوای کوشتنی هاووڵاتییەکی رەشپێستی ئەمریکی بە ناوی جۆرج فلۆید ساز دەکرێن، کە هەفتەی رابردوو پۆلیسێکی سپیپێست چۆکی خۆی خستبووە سەر ملی و گیانی لەدەست دا.
پێشتریش دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا داوای لە حاکمی ویلایەتەکانی وڵاتەکەی کرد بوو بڕیاری توندتر دژی خۆپیشاندەران بدەن، ئەگەرنا حکوومەتی ئەمریکا هێزی سەربازی دژی خۆپیشاندەران بەکار دەهێنێت و خۆپیشاندەران دەستگیر دەکات.
جۆرج فلۆیدی تەمەن 46 ساڵ، لە شاری میناپۆلیس لە ویلایەتی مینیسۆتای ئەمریکا چووبووە دوکانێک و دراوی 20 دۆلاری بۆ کڕینی کەلوپەل بەکار هێنابوو، بەڵام خاوەنی دوکانەکە گومانی ساختەبوونی دۆلارەکەی کردبوو و پەیوەندیی بە پۆلیس کردبوو.
دوای گەیشتنی بە دوکانەکە، پۆلیسێکی سپیپێست چۆکی خۆی خستبووە سەر ملی جۆرج فلۆید و ئەویش هاواری دەکرد ”ناتوانم هەناسە بدەم“، بەڵام پۆلیسەکە گوێی بە هاواری ئەو پیاوە رەشپێستە نەدا و کوشتی.
باسنيوز
