ترامپ.. کشانەوە لە چەند رێککەوتننامە و دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتی
لەنوێترین هەنگاوی کشانەوەیدا، ترامپ کۆتایی پەیوەندییەکانی واشنتنی بە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی راگەیاند، دەستەی نێودەوڵەتیشی بەوە تۆمەتبار کرد، کە نەیانتوانیوە ئیدارەی تەنگژەی ڤایرۆسی کۆڕۆنای (کۆڤید 19) بدەن.
ئەم هەنگاوەی ترامپ دوای ئەوە هات، کە ماوەیەک پێشتر واشنتن راگرتنی هاوکارییەکانی خۆی بۆ رێکخراوی تەندروستیی جیهانی راگەیاندبوو، ئەگەر چاکسازیی پێویست نەکەن.
سەرۆکی ئەمەریکا وای دەبینێ، کە رێکخراوی تەندروستیی جیهانیی هەوڵی داوە لە کاتی تەنگژەی کۆڕۆنا خزمەتی بەرژەوەندییەکانی چین بکات، لەکاتێکدا کە گومانی نەبوو و رێوشوێنیشی نەگرتە بەر لەوەی، کە ڤایرۆسەکە لە چین دەرچوو، سەرباری شاردنەوەی راستییەکان لەلایەن چینەوە. ترامپ بڕیاری داوە بە راگرتنی هاوکاریی رێکخراوەکە، کە بڕی 450 ملیۆن دۆلار بوو.
ئەم کشانەوەیەی ترامپ لە رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان شتێکی نوێ نییە، لەو کاتەوەی لە کانوونی دووەمی 2007 گەیشتووەتە کۆشکی سپی، سوور بووە لەسەر پێداچوونەوە و هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارانەی پێی وایە (کە رێککەوتننامەی زۆر خراپن)، چونکە خزمەت بە بەرژەوەندییە ئابووریی و دیبلۆماسییەکانی ئەمەریکا ناکەن.
ترامپ لە دروشمی (ئەمەریکا پێش هەموو شتێک)وە دەستی پێکرد، باراک ئۆبامایشی بەوە تۆمەتبار کرد، کە (رێککەوتننامەی کارەستبار)ی مۆر کردوون، خۆیشی بە پیاوی سەفەقات ناوبرد، بەتایبەت کە ئەو لە بواری بزنسەوە هاتووە.
ترەمپ ئەوەشی راگەیاندووە، کە ئەو رێککەوتننانەی هەن، زۆر زیانیان لە ئەمەریکا داوە و رێیشی بۆ سوودوەرگرتنی دوژمنەکانی خۆش کردووە. وای دەبینێ، کە چین نەیدەتوانی بەم شێوەیە ئابوورییەکەی بەهێز بکات، ئەگەر پێشتر ئەو ئاسانکارییانەی لە کۆشکی سپی بۆ نەکرابان.
بەڵام تێڕوانینی ترامپ تەنیا لەسەر ئەمەریکا کورت نابێتەوە، شارەزایان وای دەبینن، کە سیاسییە راستڕەوەکان هەوڵ بۆ هێنانە دی رژێمێکی نوێی سیاسی دەدەن لە چەند وڵاتێکی رۆژئاوادا، زیاترین ئەو لایەنانەی ئاماژەشی بۆ دەکەن، دانانی سنوورێک بۆ جیهانگەرایی و دژایەتیی کۆچکردن و رەتکردنەوەی راستیی گەرمبوونی زەوی و زیادبوونی هەستی نەتەوەییە.
لە مانگی ئایاری رابردووشدا، ترامپ کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتننامەی کەشوهەوای کراوە راگەیاند، کە رێی بە ئەندامانی بەشدار دەدا، کە گەشتە چاودێرییەکانیانی کەشوهەوا لە ئاسمانی یەکتردا بکەن.
ترەمپ ئەم هەنگاوەی خۆی بەوە پاساو دایەوە، کە رووسیا بە بەڵێنەکانی خۆی پابەند نەبووە، مایک پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکاش رایگەیاند، واشتن چاو بە بڕیارەکەی خۆی دەخشێنێتەوە، ئەگەر هەڵەکان راست کرانەوە.
لە ساڵی رابردووشدا، ترامپ بەڵێننامەی کشانەوەی لە پەیماننامەی نێودەوڵەتی بۆ بازرگانیی چەکە تەقلیدییەکان مۆر کرد، کە رێدەگرێ لە فرۆشتنی چەک بەو لایەنانەی لە تاوانی جەنگدا گلاون، لە هەمان ساڵدا، واشنتن لە پەیماننامەی هێزی ئەتۆمیی ماوەناوەند لەگەڵ رووسیا کشایەوە.
لە ئایاری ساڵی 2018دا، ترامپ لە رێککەوتننامەی ئەتۆمیی ئێرانی کشایەوە، چونکە ئەوە دەرفەتی بە ئێران داوە دەستی بە پارە و سامان رابگا و لەسەر چالاکییەکانی خۆی بۆ تێکدانی سەقامگیریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام بێ، بێ ئەوەی شێوازی دوژمنکارانەی خۆی بگۆڕێ.
هەروەها ترامپ کشانەوەی وڵاتەکەی خۆی لە ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ راگەیاند، بەهۆی ئەوەی واشنتن وای دەبینی، کە ئەنجوومەنەکە لایەنگری دژ بە ئیسڕائیلە. هەورەها کشانەوەی خۆی لە پەیماننامەی هاوڕێیەتیی نێوان ئەمەریکا و ئێران مۆر کرد، کە لە سەردەمی دەسەڵاتداریی محەمەد رەزا شا بەسترابوو.
لە ساڵی 2017ش، ترامپ کشانەوەی لە رێککەوتننامەی پاریسی کەشوهەوا مۆر کرد.
هەروەها ئیدارەی ترامپ لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەروەردە و زانست و رۆشنبیریی یۆنسۆی کشایەوە و تۆمەتباری کرد بەوەی، لایەنگریی فەڵەستیینییەکان دەکا.
ویلایەتە یەکگرتووەکان راشی گەیاندووە، کە کۆتایی بە بەشداریی خۆی لە پەیماننامەی جیهانیی بۆ کۆچ دەهێنێ، چونکە ئەوە ناکۆکە لەگەڵ سەروەریی وڵاتەکەی و پرنسیپی کۆچ لە ئیدارەی ترەمپدا.
بەمەش دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ئەمەریکا لە نزیکەی 12 رێککەوتننامە و پەیماننامەی نێودەوڵەتیدا کشاوەتەوە، لەو کاتەوەی لە کۆشکی سپیدا دەسەڵاتی گرتووەتە دەست .
باسنيوز
