تاقیکردنەوەی "چارەسەرەکەی ترەمپ" لەسەر توشبوانی کۆرۆنا قەدەغە دەکرێت
بە مەبەستی پارێزگاری لە تەندروستی هاوڵاتیان، بۆ ماوەیەکی کاتی بەکارهێنانی چارەسەری (هایدرۆکسیکلۆرۆکوین) بۆ ماوەیەکی کاتی رادەگیرێت
دوێنێ دوشەممە، رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، بە مەبەستی پارێزگاری لە تەندروستی هاوڵاتیان، بۆ ماوەیەکی کاتی بەکارهێنانی چارەسەری (هایدرۆکسیکلۆرۆکوین)، کە لەلایەن چەندین وڵاتەوە وەک چارەسەرێکی کاریگەری دژە کۆرۆنا بەکاردەهێنرا، بۆ ماوەیەکی کاتی رادەگیرێت.
دەبێت توێژەران دڵنیا ببنەوە لە راستی و دروستی دەرئەنجامەکانی ئەو توێژینەوەیە
لە بەیاننانەمەکەیدا سەبارەت بەو بڕیارە لە ناکاوەی رێکخراوەکە ئاماژە بە توێژینەوەیەکی بریتانیا کراوە، کە هەفتەی رابردو سەبارەت بەو دەرمانە بڵاوکرایەوە و دەشلێت" دەبێت توێژەران دڵنیا ببنەوە لە راستی و دروستی دەرئەنجامەکانی ئەو توێژینەوەیە".
بەکارهێنانی دەرمانی مەلاریا دژی کۆرۆنا دەبێتەهۆی زیادبونی رێژەی مردن
هەفتەی رابردو، توێژینەوەیەکی جیهانی بڵاوکرایەوە، کەلە چەندین وڵات ئەنجامدراوە دەریدەخات، بەکارهێنانی دەرمانی مەلاریا دژی کۆرۆنا دەبێتەهۆی زیادبونی رێژەی مردن.
پسپۆڕانی تەندروستی توێژینەوەیەکیان لەسەر ئاستی جیهان دەربارەی چارەسەرە کاریگەرەکان دژی کۆرۆنا ئەنجامداوە و تێیدا دەرکەوتوە، بەکارهێنانی دەرمانی مەلاریا دژی کۆرۆنا دەبێتەهۆی زیادبونی رێژەی مردن.
بەپێی ئەنجامەکانی ئەو توێژینەوەیە بەکارهێنانی دەرمانی مەلاریا پێنج هێندە ئەگەری توشبون بەنەخۆشییەکانی دڵ زیاددەکات.
بۆ یەکەمجار، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بەکارهێنانی دەرمانی مەلاریای وەک چارەسەری کۆرۆنا رایگەیاند و دواتر وتەکانی کەوتە بەر رەخنەی توندی پسپۆڕانی تەندروستی.
خەندان-
