نەتانیاهۆ بۆ خامنەیی: هەر رژێمێک هەڕەشە لە ئیسرائیل بکات هەمان چارەنوسی نازییەکانی دەبێت
هەڕەشەکانی خامەیی پلانی نازییەکانی بەبیرهێناینەوە بە کۆمەڵکوژی جولەکەکان
بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە تویتێکدا لەپێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند، "هەڕەشەکانی ئایەتوڵا عەلی خامەیی، رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران بە کۆتایهێنان بە دەسەڵاتی ئیسرائیل، پلانی نازییەکانی بەبیرهێناینەوە بە کۆمەڵکوژی جولەکەکان".
هەر رژێمێک هەڕەشەی لەناوبردنی ئیسڕائیل بکات، خۆی لە ژێر هەمان هەڕەشەدا دەبینێتەوە کە نازییەکان روبەڕوی بونەوە
ئاماژەی بەوەشکرد، "پێویستە خامنەیی لەوە بگات هەر رژێمێک هەڕەشەی لەناوبردنی ئیسڕائیل بکات، خۆی لە ژێر هەمان هەڕەشەدا دەبینێتەوە کە نازییەکان روبەڕوی بونەوە".
پێشتر ئایەتوڵا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران بەبۆنەی نزیکبونەوەی رۆژی قودس کە ساڵانە ئیسرائیلیەکان بەو بۆنەیەوە ئاهەنگدەگێڕن لە تویتێکدا نوسیویەتی، "پاڵپشتی هەر گروپێک یاخود دەوڵەتێک دەکەین کە دژایەتی ئیسرائیل بکات، هەرگیز لەو کارەش دودڵ نابین".
ئاماژەی بەوەشکرد، "دوژمنایەتی ئێران لەگەڵ دەوڵەتی ئیسڕائیلە نەک لەگەڵ جولەکە، هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ جولەکەدا نییە، لەناوبردنی حکومەتی ئیسرائیل بە واتای لەناوبردنی جولەکە نایات".
لە ساڵانی 1941-1945 رژێمی نازی ئەڵمانیا بەسەرکایەتی ئەدۆڵف هیتلەر هەڵمەتی کۆمەڵکژی جولەکەکانی ئەوروپای دەستپێکرد، کە بە تاوانی (هۆڵۆکۆست) ناسراوە، تێیدا شەش ملیۆن جولەکەی لەناوبرد.
خەندان
