ئەندازیاری دەستگیركردنی سەرانی گولەن لە توركیا کێ بوو؟
وەزارەتی بەرگریی تورگیا، بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە و لەوێدا رەزامەندیی دەربڕیوە بۆ دەستلەكاركێشانەوەی یایجی، ئەمەش دەری دەخات كە دەستی پێ لەكار كێشراوەتەوە.
محەممەد مەتینەر ئەندام پەرلەمانی پێشووی ئاكەپە، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر ئاشكرای کردووە قسەی لەگەڵ یایجیدا كردووە، ئەو گوتوویەتی كاتێك دەستی لەكار كێشاوەتەوە، بە هیچ شێوەیەك ئەردۆغانی لە پشت نەبووە و ئەو پەیوەندیی بەو بابەتەوە نییە.
بەڵام سایگی ئۆزتورك نووسەری دیاری رۆژنامەی (سۆزجو)ی توركی، لە وتارێكدا لەبارەی دەستلەكاركێشانەوەی یایجی دەنووسێت: "لە دەوروبەری یایجی و كەسە نزیكەكانی زانیومە، گوتوویەتی غروور و شەرەفیان بریندار كردووم، بۆیە دەستم لەكار كێشایەوە".
یایجی یەكێك بووە لەو كەسانەی جێی متمانەی ئەردۆغان بووە، چونكە ئەو كەسە بووە دەستی باڵای هەبووە لە دەستگیركردنی سەرانی فەتحوڵا گولەن لە توركیا، لە هەمان كاتدا چەندین جار تۆمەتی گولەنبوونی دراوەتە پاڵ و دادگایی كراوە.
هەروەها ئاژانسی (BBC)ی توركی بڵاوی كردووتەوە، ئەندازیاری رێككەوتنی نێوان لیبیا و توركیا بووە لەبارەی دەریای سپی بۆ دۆزینەوەی گازی سروشتی.
یایجی بە رەگەز كوردە و لە شاری خارپیتی باكووری كوردستان لە ١٩٦٦ لەدایك بووە، توانیویەتی بڕوانامەی دكتۆرا لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان بەدەست بهێنێت.
یایجی جگە لەوەی بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە بواری هێزی دەریایی بەدەست هێناوە، لە هەمانكاتدا نووسەرێكی چاكیشە و لە ساڵی ٢٠١٩ كتێبێكی بەناوی (توركیا و لیبیا لەڕووی دەریاییەوە دراوسێن) بڵاو كردەوە، هەروەها لە٢٠٢٠ كتێبێكیتری بەناوی (توركیا و خەباتكردن بۆ دەریای سپی ناوەڕاست) بڵاو كردەوە.
لەو كتێبەی لەباری لیبیا و توركیا بڵاوی كردووەتەوە، یایجی باس لەوە دەكات، پێویستە توركیا لەبارەی دەریای سپیی ناوەڕاست لەگەڵ لیبیا رێك بكەوێت بۆ دۆزینەوەی گازی سروشتی، ئەوكات وڵاتانیتر سەكتە لێیان دەدات و توركیا بەهێزێكی زۆرەوە دەردەكەوێت.
باسنيوز
