ترەمپ هەڕەشەی راگرتنی پاڵپشتییە داراییەکان بۆ هەمیشە لە تەندروستی جیهانی دەکات
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی هۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نامەیەکی خۆی بڵاوکردەوە، کە ئاڕاستەی تێدرۆس ئەدهانۆم گێبەرسۆس، بەڕێوەبەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی کردبو.
ترەمپ هەڕەشە لە رێکخراوی تەندروستی جیهان دەکات ئەگەر لە ماوەی 30 رۆژدا چاکسازی بنەڕەتی ئەنجامنەدات، ئەوا بۆ هەمیشە پاڵپشتییە داراییەکانی بۆ ئەو رێکخراوە دەوەستێنێت
لەنامەکەدا ترەمپ هەڕەشە لە رێکخراوی تەندروستی جیهان دەکات ئەگەر لە ماوەی 30 رۆژدا چاکسازی بنەڕەتی ئەنجامنەدات، ئەوا بۆ هەمیشە پاڵپشتییە داراییەکانی بۆ ئەو رێکخراوە دەوەستێنێت، یاخود پێداچونەوە بۆ ئەندامبونی وڵاتەکەی لە رێکخراوەکەدا دەکات.
تاکە رێگە بۆ ئەوەی ئەو رێکخراوە بتوانێت لە کارەکانی خۆی بەردەوام بێت سەلماندنی سەربەخۆی خۆیەتی لە ژیر دەسەڵاتی چین
هەر لەو نامەیەدا سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، تاکە رێگە بۆ ئەوەی ئەو رێکخراوە بتوانێت لە کارەکانی خۆی بەردەوام بێت سەلماندنی سەربەخۆی خۆیەتی لە ژیر دەسەڵاتی چین.
مانگی نیسانی رابردو واشنتن رێکخراوی تەندروستی جیهانی بە لایەنگری چین تۆمەتبارکرد، بەوەی هەوڵیداوە مەترسییەکانی کۆرۆنا کەمبکاتەوە و لەکاتی خۆیدا هۆشداریپێنەداون لەبارەی کاریگەرە نەرێنییەکان و خرایی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە، پاشان ترەمپ بۆ ماوەیەکی کاتی پاڵپشتییە داراییەکانی وڵاتەکەی بۆ ئەو رێکخراوە هەڵپەسارد.
ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا گەورەترین پشکی هەیە لە دابینکردنی پاڵپشتی دارایی بۆ رێکخراوی تەندروستی جییهانی، ساڵی رابردوش زیاتر لە 400 ملیۆن دۆلاری داوەتە رێکخراوەکە، کە دەکاتە لە 15%ی بودجەکەی.
خەندان
