ئێران بنکە و بارەگا سەربازییەکانی لە سووریا چۆڵ دەکات
ئەمڕۆ چوارشەممە 6-5-2020، کەناڵی (کان) فەرمیی ئیسرائیلی لە زاری سەرچاوەیەکی وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەی بڵاوی کردووەتەوە، میلیشیا ئێرانییەکان دوای چڕبوونەوەی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆ سەریان، دەستیان بە چۆڵکردنی بنکە و بارەگاکانیان لە سووریا کردووە.
ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل ئاماژەی بە هۆکاری چۆڵکردنی بنکە و بارەگاکان لەلایەن هێز و میلیشیا ئێرانییەکان لە سووریا کردووە و رایگەیاندووە، ئەو گرووپە چەکدارییانەی ئێران بەهۆی بۆردومانە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەریان، بە تایبەت بۆردومانی شەوی دووشەممە، دەستیان بە چۆڵکردنی بارەگاکانیان کردووە.
بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل بوونی هێزە ئێرانییەکان لە سووریا بە مەترسیی بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەیان هەژمار دەکەن و بەردەوام باس لەوە دەکەن، کە رێگا بە هەژموونی ئێران بەسەر سووریا، نادەن.
لەسەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە، کە لە مانگی ئاداری 2011 لەنێوان گرووپە چەکدارییەکانی ئۆپۆزیسیۆن و رژێمی ئەو وڵاتە دەستی پێکردووە، ئێران بە ناردنی چەک و چەکدار، پاڵپشتیی رژێمی سووریا لە دژی گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، دەکات.
باسنیوز
