نرخی نەوت جارێکی دیکە دابەزی
نرخی نەوت دوای بەرزبوونەوە، جارێکی دیکە دابەزییەوە و گەیشتە نزیک 19 دۆلار.
بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە سەرانسەری جیهان، نرخی نەوتی برێنت بۆ کەمترین ئاستی خۆی لە ماوەی 30 ساڵی رابردوودا، دابەزی و گەیشتە 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
ئێوارەی رۆژی هەینی 24-4-2020، لەکاتی داخستنی بازاڕەکانی نەوت لە کۆتایی هەفتە، نرخی نەوت بەرز بووەوە و نرخی یەک برمیل نەوتی برێنت گەیشتە 21 دۆلار و 97 سەنت.
کاتژمێر 2:29 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 28-4-2020 بە کاتی گرینیچ، (4:29 خولەک بە کاتی هەولێر)، نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بۆرسەی لەندەن دابەزی و گەیشتە 18 دۆلار و 96 سەنت.
دوای 11 خولەک، نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت لە هەمان بۆرسەدا کەمێک بەرز بووەوە و گەیشتە 19 دۆلار و 15 سەنت.
رۆژی یەکشەممە 12-4-2020، ئۆپیک پڵەس (وڵاتانی ئەندام و نائەندامی ئۆپیک) بە مەبەستی بەرزکردنەوەی نرخی نەوت، رێککەوتنێکی مێژووویی بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی 9.7 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە لە سەرەتای مانگی 5ـی 2020ـەوە، راگەیاند.
ئۆپیک رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوتی جیهانییە و ئێستا لە وڵاتانی عێراق، سعودیە، ڤەنزوێلا، ئیماراتی عەرەبی، نایجیریا، لیبیا، کوێت، ئێران، گابۆن، ئەنگۆلا و جەزائیر پێک دێت.
باسنيوز
