بەهۆی قەدەخەی هاتووچۆوە کێشە دەکەوێتە نێوان ترەمپ و حاکمی چەند ویلایەتێک
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند "با پێتان بڵێم، بەڕوونی پێتان دەڵێم، سەرۆکی ئەمریکا هەموو ئەو دەسەڵاتانەی هەیە کە سەرۆکەکانی ئەمریکا هەیانە، کە دەسەڵاتێکی ئێجگار بەهێزە، سەرۆکی ئەمریکا دوایین بڕیار دەدات. ئەگەر ئەوانیش کاری باش نەکەن، زۆر خێرا دەستوەردان دەکەم، بەڵام، نا ئەوان ناتوانن هیچ کارێک بەبێ رەزامەندیی سەرۆک بکەن، ئەگەر ویلایەتەکان رەتیبکەنەوە کۆتایی بە قەدەخەی هاتوچۆ بێنن، دەمەوێ ئەو کەسە ببینم خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی بەربژێر بکات".
ئەم گوتە تووندانەی ترەمپ پشێویی خستووەتە نێو ئیدارەی چەند ویلایەتێکی ئەمریکا، حاکمی ویلایەتی کالیفۆڕنیا یەکەم کەس بوو قەدەخەی هاتوچۆی راگەیاند و گوتی "ئەگەر بمانەوێ درێژیبکەینەوە درێژی دەکەینەوە".
حاکمی نیویۆرک یەکێکە لەو کەسانەی کە زۆر نیگەرانە لە ئەگەری هەر دەستوەردانێکی سەرۆک و هەڵگرتنی قەدەخەی هاتووچۆ زووتر لەکاتی خۆی.
ئەندرو کوۆمۆ، حاکمی نیویۆرک دەڵێ "ئەو لێگەڕا بۆ ویلایەتەکان قەدەخەی هاتووچۆ رابگەیێنن، ویلایەت بە ویلایەت ئەم بڕیارەیان دەرکرد، بەڕاستی، ئەو وا خۆی پیشاندا کە دەبێت ویلایەتەکان بڕیارەکە بدەن و دوایی ویلایەتەکان بەرپرس بوون لە کڕینی کەرەستە و پێداویستی، ئەمە شێوازی دەستگرتن بوو بە رووداو و کارەسات کە تاوەکو ئیستا جێبەجێمان کردووە. ئەگەر دەیانەوێ شێوازەکەی بگۆڕن با بیگۆڕن، ئەو سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانە، ئەو حکومەتی فیدراڵییە".
ئەم مشتومڕە لەسەر کۆتاییهێنان بە قەدەخەی هاتووچۆ لەکاتێکدایە، مردن بە کۆرۆنا لە ئەمریکا بە جیاوازییەکی زۆر پێشەنگە بەراورد بە وڵاتانی جیهان.
تەنانەت لەنێو خودی تیمەکەی ترەمپ بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، پزیشک هەن هۆشداری دەدەن لە کۆتاییهێنان بە قەدەخەی هاتووچۆ کە یەکێک لەو کەسانە ئەنتۆنی فاوچی، بەڕێوەبەری پەیمانگەی نیشتیمانییە بۆ نەخۆشییە گوازراوەکان.
رووداو
