ترەمپ: ئۆپێک پڵەس بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی 20 ملیۆن بەرمیل کەمدەکەنەوە

ترەمپ: ئۆپێک پڵەس بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی 20 ملیۆن بەرمیل کەمدەکەنەوە
سەرۆکی ئەمریکا سوپاسی سعودیە و رووسیا دەکات بۆ رێککەوتنی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، دەشڵێت کەمکردنەوەکە رۆژانە 20 ملیۆن بەرمیلە نەوەک 10 ملیۆن.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە توویتەر رایگەیاند، لە داهاتوویەکی نزیکدا پیشەسازیی وزە بەهێز دەبێتەوە، خێراتر لەوەی ئێستا پێشبینیدەکرێت.

ترەمپ سوپاسی هەریەک لە رووسیا و سعودیە دەکات بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ گێڕانەوەی هاوسەنگی بۆ بازاڕی وزە.

سەرۆکی ئەمریکا لە توویتەر ئاماژەی بەوەش کرد، من لە گفتوگۆکان بەشداربووم، ئەوەی باسکراوە بریتییە لەوەی ئۆپێک پڵەس رۆژانە بەرهەمهێنانی 20 ملیۆن بەرمیل نەوت کەمدەکەنەوە نەوەک 10 ملیۆن.

ترەمپ جەختی لەوە کردەوە، ئەگەر شتێکی نزیک لەو بڕە رووبدات، ئەوا بازاڕی وزە دەگەڕێتەوە بۆ پێش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

وڵاتانی ئۆپێک بە سەرکردایەتیی سعودیە و وڵاتانی دەرەوەی رێکخراوەکەش بە سەرکردایەتیی رووسیا رۆژی یەکەشەممە رایانگەیاند، لەسەر ئەوە رێککەوتوون بۆ هاوسەنگکردنی نرخی نەوت رۆژانە بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی 9.7 ملیۆن بەرمیل نەوت کەمبکەنەوە.

سەرەرای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، خواست لەسەر نەوت رۆژانە زیاتر لە 30 ملیۆن بەرمیل کەمبووەتەوە و عەمبارەکانی نەوتیش خەریکە پڕدەبن و نەوت بەبێ کڕیار ماوەتەوە.










رووداو
Top