نیوزلەندا چۆن بەسەر كۆرۆنادا زاڵ بوو؟
٢ لێكۆڵەری ئەمریكی بە ناوەكانی (میكایل باكەر و نیك وێلسۆن) لەبارەی چۆنیەتیی رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا لە نیوزلەندا، لە رۆژنامەی (گاردیان) بابەتێكیان نووسیوە.
بە گوێرەی زانیارییەكانی ئەو دوو نووسەرە، نیوزلەندا جیا لە وڵاتانی ئەورووپا، هەر زوو كەوتە خۆی و بەری بە بڵابوونەوەی كۆرۆنا گرت، بەڵام وڵاتانی ئەورووپی لەو رووەوە لەسەرخۆ بوون، بۆیە گەیشتنە ئەو بارودۆخە خراپە.
پلانی حكوومەتی نیوزلەندا ئەوەیە بەتەواوی كۆرۆنا لە وڵاتەكەیان لەناو ببەن، بۆ ئەمەشیان رێكاری وردیان ئەنجام داوە و رۆژانەش ژمارەی تووشبوو كەم دەبێتەوە و بەرەو نەمان دەچێت.
نیوزلەندا بڕیاری داوە هەر كەسێك بێتە وڵاتەكەی دەبێت كەرەنتینە بكرێت بۆ ماوەی ١٤ رۆژ، ئەوانەشی كەرەنتین دەكرێن لە یەك شوێندا كۆی كردوونەتەوە. هەروەها قەدەغەی هاتوچۆی راگەیاندووە و بەو مەرجەی كاریگەریی زۆری لەسەر هاووڵاتییان نەبووە.
بە گوێرەی زانیارییەكانی ئەو دوو نووسەرە، جارێ زووە نیوزلەندا سەركەوتن بەسەر كۆرۆنادا رابگەیەنێت، بەڵام لە سەركەوتن زۆر نزیك بوونەتەوە.
لە ٢٣ی مارت، نیوزلەندا پلانی دانا تا بەتەواوی كۆرۆنا لە وڵاتەكەی نەهێڵێت، ئەوكات ١٠٢ تووشبوو لە وڵات هەبوو و هیچ كەسێكیش نەمردبوو، دوای چەند رۆژێك ژمارەی تووشبوو زیادی كرد بۆ ٩٩٢ و كەسێكیش گیانی لەدەست دا، بەڵام بە دوای ئەودا و جێبەجێكردنی پلانەكەیان، ژمارەی تووشبوو بۆ ٢٩ كەم بووەوە و ئێستاش كۆرۆنا بەتەواوی لەژێر كۆنتڕۆڵدایە.
لە ٢٦ی مارت، قەدەغەی هاتوچۆ راگەیەندرا و سەرۆك وەزیران ئاماژەی دا كە پێویست دەكات لە یەكتری دوور بكەونەوە و تا ماوەیەكیش خۆشیتان لێ تێك دەدەین و قوتابخانەكانیش داخران و رێژەی تێست زیادی كرد.
هاووڵاتیان بە گوێی سەرۆك وەزیرانیان كرد و لە ماڵەوە خۆیان كەرەنتین كرد و لە ماوەی یەك مانگدا توانیان بەسەر ڤایرۆسەكەدا زاڵ ببن.
رۆڵی ئۆپۆزسیۆن لە نیوزلەندا
لە نیوزلەندا پەرلەمان داخرا و ئۆپۆزسیۆن و حكوومەت بەیەكەوە شانیان دایە بەر رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا. بە گوێرەی زانیارییەكانی یاڵچن دۆغان نووسەری دیاری ماڵپەڕی (T24)ی توركی، حكوومەت ٤٠ ملیار دۆلاری تەرخان كرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا و ئۆپۆزسیۆن قبووڵی كرد.
هەروەها پارتی دەسەڵاتدار لە پەرلەمان لیژنەیەكی پێك هێنا بۆ رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا، لەو لیژنەیەدا ژمارەی ئەندامانی ئۆپۆزسیۆنی زیاتر بوو و پارتی دەسەڵات رۆڵی زیاتری بەوان دا. ئێستا پەرلەمان كار ناكات و تەنیا ئەو لیژنەیە بە دواداچوون بۆ رەوشەكە دەكات. بۆیە ئۆپۆزسیۆن و حكوومەت سیاسەتیان وەلا ناوە و هەموو هەوڵێك دەدەن تا بەڵای كۆرۆنا لە وڵاتەكەیاندا دوور بخەنەوە.
كام وڵات لاسایی نیوزلەندای كردەوە؟
بە گوێرەی بۆچوونی ئەو ٢ نووسەرەی ئەمریكا، تەنیا ئەو سەرۆك وەزیرانەی گرنگی بە لایەنی مرۆیی دەدەن و مرۆڤیان لا گرنگە ئەو رێكارییانە بۆ كۆرۆنا دەكەن، بۆیە ئەو سەرۆكانەی مرۆڤیان لا گرنگ نییە ئەو رێكارییانە ناكەن.
هەندێك وڵاتی وەكو ئوستورالیا و كۆریا و ژاپۆن هەمان رێكاریان ئەنجام دا، بەڵام ئەو وڵاتانەی كە داهاتیان كەمە و هەژارن نەیانتوانی هەمان ستراتیژیی نیوزلەندا پەیڕەو بكەن، بۆیە كۆرۆنا تەنگی پێ هەڵچنیون، هەروەها هەندێك سەرۆكیش پارە و داهاتیان لە مرۆڤ لا گرنگتر بوو، بۆیە كۆرۆنا رۆژانە دەیان کەسی لێ دەكوژێت.
(Jacinda Ardern) سەرۆك وەزیرانی نێوزلەندا، مرۆڤی لە پارە لا گرنگتر بوو، بۆیە رێكارییەكانی ئەنجام دا و هاووڵاتیانی وڵاتەكەی لەو پەتایە پاراست، ئەمەش بە هەموو سەرۆكێك ناكرێت ئەگەر مرۆڤدۆست نەبێت.
ستراتیژییەتی هەرێمی كوردستانیش بۆ رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا لە نیوزلەنداوە نزیكە، لێرەش سەرۆك وەزیران سنوورەكانی داخست و قەدەغەی هاتوچۆی راگەیاند و داهاتی ناوخۆی وەلا نا بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان، بۆیە لێرەش سەركەوتن بەسەر كۆرۆنادا نزیك بووەتەوە.
دەكرێت بڵێین سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانیش، پاراستنی مرۆڤی لە كۆرۆنا لا گرنگتر بوو. لە پارە و داهاتی ناوخۆ، بۆیە بە هەموو شێوەیەك شەڕ لەگەڵ كۆرۆنا كرا و وەكوو ئەوەی باسیش دەكرێت لە سەركەوتن نزیك بووەتەوە.
لێرەدا دەگەیەنە ئەو دەرئەنجامەی كە هەر وڵاتێك بە پەلەی رێكاری دژی كۆرۆنا گرتبێتە بەر و گوێی بە پارە و داهات و زیانی مادی نەدابێت، توانویەتی هاووڵاتیانی خۆی بپارێزێت، بە پێچەوانەوە بە هۆی پەتای كۆرۆنا گۆڕی بە كۆمەڵ چاوەڕێی مرۆڤە تووشبووەكان بووە.
باسنيوز
