کۆرۆنا زیانی زۆر لە ئاژەڵدارانی بەریتانیا دەدات

کۆرۆنا زیانی زۆر لە ئاژەڵدارانی بەریتانیا دەدات
ڤایرۆسی کۆرۆنا زیانی زۆری لە کەرتی ئاژەڵداریی بەریتانیا داوە؛ جووتیارەکانی ئەو وڵاتە چیدی ناتوانن بەرهەمی سپیایەتیی ئاژەڵەکانیان بفرۆشن، چونکە هەموو یانە، قاوەخانە و خواردنگەکان داخراون و کەس نییە شیر و ماست و پەنیریان لێ بکڕێت.

رۆبن بێتس، جووتیاری بەریتانی دەڵێ "هاوشێوەی گەردەلوولێکی تەواوە، بەڕاستی. واماندەزانی لەبەر ئەو پەنیرەی هەمانە پارێزراو دەبین، بەڵام بازاڕی پەنیر لە لەندەنە کە ئێستا داخراوە، بۆیە نافرۆشرێت. گوتمان شیرەکە باش دەبێت، چونکە هەموو کەسێک بەردەوام شیر دەخواتەوە، بەڵام ئێستا ئەویش لە کێشەدایە".

جووتیارەکان ناچاربوون شیرەکەیان بڕێژن، چونکە ماوەکەی بەسەردەچێت و هەندێکیشیان بیر لەوە دەکەنەوە مانگاکانیان بدەنە گۆشتفرۆشەکان بۆئەوەی سەرببڕدرێن و لەو رێگەیەوە داهاتێکیان دەستبکەوێت.

کلیڤ ستیکلاند، جووتیارێکی دیکەیە و ئاماژە بەوە دەکات "ئەم گۆلکانە پار لەدایکبوون. وابزانم مانگی ئاب بوو یان ئەیلوول، لەوانەیە نەتوانن شیر بەرهەمبهێنن. ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوامبێت، رەنگە نەتوانین بۆ شیر بەکاریانبهێنین. ژمارەیەک مانگا لەپشت ئەم بینایە هەن. مانگی ئاب گوێرەکەیان دەبێت، رەنگە سەریانببڕین، چونکە ئێمە پێویستمان بەوەیە داهاتێکمان لە شوێنێکەوە بۆ بێت، ئەو داهاتەشمان لە شیر دەستناکەوێت. بۆیە لە دۆخێکی ناخۆشداین".

لە سەرانسەری بەریتانیا قەدەخەی هاتووچۆ راگەیێندراوە، جووتیارەکان چیدی ناتوانن بەرهەمەکانیان لە بازاڕەکاندا ساخبکەنەوە، بۆیە رەنگە کۆرۆنا کۆتایی بە پیشەی زۆربەیان بهێنێت.









رووداو
Top