پێنج کەسی کوشت بەهۆی ئەوەی بە دەنگی بەرز قسەیان دەکرد

پێنج کەسی کوشت بەهۆی ئەوەی بە دەنگی بەرز قسەیان دەکرد
پیاوێک لە وڵاتی رووسیا پێنج کەسی کوشت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی شەو بە دەنگی بەرز لەژێر پەنجەرەی ژوورەکەیدا قسەیانکردووە.

رووداوەکە لە هەرێمی ریازانی ناوەڕاستی رووسیا روویدا، ئەوەش لە کاتێکدا قەدەخەی هاتووچۆ راگەیێنراوە، بە مەبەستی رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری کۆرۆنا لەو وڵاتەدا.

لێکۆڵەرەوان لە رووداوەکە رایانگەیاند، پیاوێکی تەمەن 32 ساڵ تەقەی لە 4 پیاو و ژنێک کردووە، چونکە کاژێر 10ی شەو بە دەنگی بەرز لە ژێر پەنجەرەی ژوورەکەیدا لەسەر شەقامەکە قسەیانکردووە.

لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە گوتی، پیاوەکە چووەتە باڵکۆنەکەوە و ناڕەزایی خۆی لە بەرامبەر ئەو دەنگە بەرزەدا دەربڕیووە، بەڵام مشتومڕ دروستبووە و پیاوەکەش چووەتەوە ماڵەوە و بە چەکێکەوە گەڕاوەتەوە و تەقەی کردووە.

لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە ئاماژە بەوە دەکات، هەر پێنج کەسەکە لە شوێنی تەقەکردنەکە کوژراون و تەقەکارەکەش دەستگیرکراوە.











رووداو
Top