بەهۆی کۆرۆناوە شاژنی بەریتانیا پێنجەم پەیامی تەلەڤزیۆنی لە مێژووی خۆیدا پێشکەش دەکات
شاژنی بەریتانیا بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە وڵاتەکەی، پێنجەم لێدوانی تەلەڤزیۆنی لە مێژووی چوونە سەر تەختی خۆی، پێشکەش دەکات.
لێدوانەکە ئەمڕۆ یەکشەممە 5-4-2020 لە قەڵای ویندسۆر تۆمار کراوە. شاژنە ئێلیزابێسی دووەم، شاژنی بەریتانیا دوای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، لە کۆشکی باکینگهامی بەجێ هێشت و لەگەڵ فیلیپی هاوسەری لەوێ دەژی.
شاژنە ئێلیزابێس لە لیدوانەکەیدا، کە بڕیارە کاتژمێر 7ـی ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە (کاتژمێر 9ـی شەو بە کاتی هەولێر) لە کەناڵەکانی بەریتانیا بڵاو بکرێتەوە.
شاژنی بەریتانیا لە لێدوانەکەیدا، سوپاسی پزیشک و کارمەندانی تەندروستی دەکات و داوا لە هاووڵاتییان دەکات، بە هەمان ورەی نەوەی پێش خۆیان و بە شانازییەوە، رووبەڕووی هەڕەشەی کۆرۆنا ببنەوە.
بەپێی زانیارییە میدیاییەکان، ئەو لێدوانە ڤیدیۆییەی شاژنە ئێلیزابێس پێنجەم لێدوانی تەلەڤزیۆنییەتی لەو کاتەوەی لە ساڵی 1952 چووەتە سەر تەختی شاهانە.
بەپێی دوایین ئامار، تا ئێستا 41 هەزار و 903 کەس لە بەریتانیا تووشی پەتای کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەشدا، 135 کەس چاک بوونەتەوە و چوار هەزار و 313 کەسیش گیانیان لەدەست داوە.
باسنيوز
