هێنری کیسینجەر: لێکەوتە ئابوورییەکانی کۆرۆنا بۆ چەندین نەوە بەردەوامدەبن
کیسینجەر تەمەنی 96 ساڵە، خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییە و پێشبینی بۆ چەندین بارودۆخی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی کردووە و راستیش دەرچوون. لە بابەتێکدا بۆ رۆژنامەی وۆڵستریت دەڵێت، ئەمریکا بە تەنیا ناتوانێت بەسەر کۆرۆنادا زاڵببێت.
کیسینجەر ئاماژەی بەوە کردووە، کۆرۆنا بەخێرایی و بەشێوەیەکی چاوەڕوانەنکراو بڵاودەبێتەوە، لە ئەمریکا لە هەموو پێنج رۆژێکدا ژمارەی تووشبووەکان دووهێندەیان لێدێت.
وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریکا باس لەوە دەکات، کەرەستەی پزیشکی بۆ بەکارهێنان لە دژی کۆرۆنا وەکو پێویست نین و یەکەکانی چاودێریی چڕ لە رووخاندان، پشکنین وەکو پێویست بۆ گومانلێکراوان ناکرێت و پێکوتەیەکی سەرکەوتوو لەوانەیە 12 بۆ 18 مانگی بوێت تاوەکو بەرهەمدێت.
کیسینجەر داوای دروستکردنی لیژنەیەکی نێودەوڵەتیی هاوبەش دەکات کە وڵاتانی جیهان پێکەوە کاربکەن بۆ ئاڵوگۆڕی پێداویستیی پزیشکی و رێنامیی تەندروستی و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی پێکوتە بۆ ڤایرۆسەکە.
هێنری کیسینجەر سێ پێشنیاز دەداتە ئەمریکا بۆ ئەوەی بەسەر کۆرۆنادا زاڵبێت و پێیوایە بۆ سەقامگیریی ئابووری دەبێت، یەکەم: ئەمریکا چارەسەر یا پێکوتە بۆ کۆرۆنا بدۆزێتەوە دووەم: دەبێت برینی ئابووریی جیهان سارێژ ببێت. مەبەستی ئەو وڵاتانەیە کە بەهۆی کۆرۆناوە زیانی ماددییان بەرکەوتووە و قوتابخانە و زانکۆ و شوێنە گشتییەکانیان داخراون. پێشبنیازدەکات تەکنیک و تەکنەلۆژیای نوێ لە سەنتەرەکانی کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشیدا جێگیربکرێن و پێکوتە بگاتە زۆرترین دانیشتووانی گۆی زەوی.
کیسینجەر لە سێیەم پێشنیازیدا دەڵێت، دەبێت ئەمریکا سیستەمی لیبراڵیی جیهانی بپارێزێت بۆ ئەوەی حکومەتەکان لە جیهاندا بتوانن پێداویستییە سەرەتاییەکانی خەڵک دابینبکەن وەکو ئاسایش و ئابوورییەکی باش و دادپەروەری.
کیسینجەر ئەوەی خستەڕوو، لەو قۆناخە سەختەدا دەبێت وڵات و هەرێمەکان لە سەرتاسەری جیهاندا بەردەوام هەوڵبدەن لەڕێگەی بەکۆگاکردنی کاڵا و پلانی هاوبەش و دەستگەیشتن بە دوایین تەکنەلۆژیای زانستی خەڵکەکانیان لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بپارێزن.
رووداو
