سعودیە چەند پسپۆڕێکی بۆ شاردنەوەی ئاسەواری کوشتنی خاشقچی ناردوەتە تورکیا

سعودیە چەند پسپۆڕێکی بۆ شاردنەوەی ئاسەواری کوشتنی خاشقچی ناردوەتە تورکیا
بەرپرسێکی باڵای تورکیا ڕایدەگەیەنێت، دوای کوشتن خاشقچی، سعودیە چەند پسپۆڕێکی بواری کیمیاوی و شاردنەوەی تاوانی ناردوەتە ئیستەنبوڵ بۆ شاردنەوەی ئاسەواری کوشتنی خاشقچی.

بەرپرسێکی باڵای حکومەتی تورکیا بە ماڵپەڕی BBC ڕاگەیاندووە، دوابەدوای کوشتنی خاشقچی لەنێو کونسوڵخانەی سعودیە لە ئیستەنبوڵ، دوو بەرپرسی ناو تیمە ١٥ کەسیەکە، ئەرکیان سڕینەوە و شاردنەوەی ئاسەواری تەرمی خاشقچی بووە.

بەرپرسە باڵاکە ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرەتا خاشقچی لەلایەن چەند کەسێکەی تیمەکەوە خنکێنراوە و دواتر جەستەکەی پارچە پارچەکراوە.

بەپێی زانیاریەکانی ئەو بەرپرسە، دوو کەسی نێوان تیمە ١٥ کەسیەکە بەناوی ئەحمەد عەبدولعەزیز ئەلجەنابی و خالید یەحیا ئەلزەهرانی، پسپۆڕی بواری بەکارهێنانی ماددەی کیمیاوی بوون و بەرپرس بوون لە سڕینەوەی ئاسەوارەکان.

هاوکات بەپێی تۆمارە ڤیدیۆییەکان ئەو دوو پسپۆڕە سعودیە دوای کوشتنی خاشقچی بەردەوام سەردانی کونسوڵخانەکەیان کردووە و سێ ڕۆژ دوای ڕووداوەکە گەڕاونەتەوە بۆ سعودیە.

خاشقچی بە نوسەرێكی رەخنەگری دەسەڵاتی شانشینی سعودیە ناسراوە و پاش ئەوەی ڕۆژی 2ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ سەردانی كونسوڵخانەی سعودیەی كرد لە ئیستەنبوڵ، چارەنووسی بە نادیاری مایەوە.

شەوی 19-10-2018، حكومەتی سعودیە لە راگەیەندراوێكی فەرمیدا رایگەیاند، جەمال خاشقچی لە ئەنجامی دروستبوونی شەڕ و پشێوی لەناو كونسوڵخانەی سعودیە لە ئیستەنبوڵ كوژراوە، بەڵام هیچ زانیاریەكیان لەبارەی بكوژانی خاشقچی و شوێنی تەرمەكەی ئاشكرانەكرد.



خەندان
Top