سەرۆکی فەرەنسا هەڕەشە لە رژێمی سووریا دەکات
ئیمانوێڵ ماکرۆن بە ئاماژەکردن بەوەی، فەرەنسا داوای دوورخستنەوەی بەشار ئەسەدی سەرۆکی رژێمی سووریای لە دەسەڵات نەکردووە، رایگەیاند، پێویستە چارەسەرێکی سیاسیی بۆ کێشە و قەیرانەکانی سووریا بدۆزرێتەوە.
سەرۆکی فەرەنسا هۆشداریی دایە رژێمی سووریا لەوەی ئەگەر چەکی کیمیاوی لە وڵاتەکەیدا بەکار بهێنێتەوە، ئەوا کارەساتی مرۆیی روو دەدات و لەو ئەگەرەشدا فڕۆکە جەنگییەکانی فەرەنسا بۆردومانی بنکە و بارەگاکانی رژێمی سووریا دەکات.
چەند رۆژێکە باس لەوە دەکرێت، کە رژێمی سووریا بە پاڵپشتیی رووسیا و تورکیا، ئامادەکاریی بۆ هێرشکردنە سەر گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە شاری ئیدلیب دەکات و چەکی کیمیاویش بەکار دەهێنێت.
پێشتریش لە رۆژی 4.4.2017 فڕۆکە جەنگییەکانی سووریا بە چەکی کیمیاوی ناوچەی خان شەیخون لە پارێزگای ئیدلیبیان بۆردومان کرد و بە ھۆی بۆردومانەکەوە، 58 کەس گیانیان لەدەست دا، کە زۆرینەیان منداڵ بوون و نزیکەی 300ـی دیکەش بریندار بوون.
لە مانگی ئاداری 2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە. بەھۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن ھاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیھان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.
لەبارەی سزا ئەمریکییەکانەوە بەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئیمانوێڵ ماکرۆن رایگەیاندووە، بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەڵچوون دایە و فەرەنسا نایەوێ ئێران لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داببڕێندرێت.
ماکرۆن ئاماژەی بەوەش کرد، کە پێویستە کار بە رێککەوتنی ناوکیی وڵاتانی 5+1 و ئێران بکرێت و هەموو لایەک پییەوە پابەند بن.
ئەو لێدوانەی سەرۆکی فەرەنسا لە کاتێک دایە، کە سەرۆکی ئەمریکا کشانەوەی وڵاتەکەی لەو رێککەوتنە راگەیاندووە و چەندن سزاشی بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاندووە.
دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ناوکی و سەپاندنی چەندین سزا بەسەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی لە هەموو ئەو وڵات و لایەنانە کرد، کە یان دەبێ بچنە بەرەی ئێران یاخود پابەندی سزاکانی ئەمریکا بن بەسەر ئێران.
شەوی 8/5/2018، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک، واژۆ کرد.
رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک لە سەرەتای نیسانی 2015 لە شاری لۆزان لە سویسڕا واژۆ کرا، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە ئێران دەستبەرداری دروستکردنی چەکی ناوکی دەبێت و ئەمریکاش سزاکانی لەسەر ئەو وڵاتە سووک دەکات.
وڵاتانی پێنج + یەک بریتین لە پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (ئەمریکا، فەرەنسا، رووسیا، بەریتانیا و چین) و ئەڵمانیا پێک دێت.
باسنيوز
