حەریری: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ رژێمی سووریا ئاسایی ناکەینەوە

 حەریری: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ رژێمی سووریا ئاسایی ناکەینەوە
سیاسەتمەداری راسپێردراو بە پێکهێنانی حکوومەتی لوبنانی رایدەگەیەنێت، کە وڵاتەکەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ رژێمی سووریا ئاسایی ناکاتەوە.



بەپێی هەواڵی میدیا لوبنانییەکان، سەعد حەریری، کە بۆ پێکهێنانی حکوومەتی لوبنان راسپێردراوە، هۆشداریی داوە لەوەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ رژێمی سووریا ببەسترێتەوە، چونکە ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی ”هەرگیز حکوومەت پێک نەیەت“.



سەعد حەریری هۆکاری پێکنەهێنانی حکوومەتەکەی تا ئێستا، بۆ ”شکستی لوبنانییەکان“ گەڕاندووەتەوە و رایگەیاندووە، هیچ هۆکارێکی دەرەکی و هەرێمی رۆڵیان لە پێکنەهێنانەکە نییە.



رۆژی 6/5/2018، هەڵبژاردنی گشتیی لە لوبنان ئەنجام درا و دوای راگەیاندنی ئەنجامەکانیش، حەریری بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ئەو وڵاتە، راسپێردرا و تا ئێستا حزب و لایەنەکان لەسەر پێکهێنانی حکوومەت، رێک نەکەوتوون.



لوبنان وڵاتێکی فرەمەزهەب و فرە ئایینە. کەوتووەتە رۆژهەڵاتی دەریای سپیی ناوەڕاست. بەپێی رێککەوتنی پێکهاتەکانی، سەرۆکایەتیی کۆمار بۆ مەسیحییەکانە، سەرۆکایەتیی وەزیران بۆ موسڵمانانی سوننەمەزهەبە و سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش بۆ شیعەمەزهەبەکانە.



لە ساڵی 1976، سوپای سووریا بە پاساوی پاراستنی لوبنان لە سوپای ئیسرائیل، چووە ناو خاکی ئەو وڵاتە و دەستی لە هەموو کارەبارەکانی ئەو وڵاتە وەردەدا.



لە ساڵی 2005، دوای تیرۆرکرانی رەفیق حەریری، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی لوبنان و باوکی سەعد حەریری، بە گوشاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حزبە لوبنانییەکان، سوپای سووریا لە لوبنان کشایەوە.



بەشێک لە حزب و میلیشیا لوبنانییەکان بە تایبەت حزبوڵڵای لوبنانی، کە پەیوەندییەکی بەهێزیان لەگەڵ رژێمی سووریا هەیە، داوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی بەیرووت و دیمەشق دەکەن.



حزبوڵڵای لوبنانی، کە میلیشیایەکی چەکداریی شیعەمەزهەبە و کۆماری ئیسلامیی ئێران پاڵپشتیی ماددی و سەربازی دەکات، لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە بە ناردنی گرووپی چەکداری پاڵپشتیی رژێمی سووریا لە دژی گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، دەکات.



لە مانگی ئاداری 2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا بە سەرۆکایەتیی بەشار ئەسەد دروست بووە.



بەھۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن ھاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیھان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.




باسنیوز
Top