دادگای تورکیا: فەرماندەیەکی سەربازیی ئەمریکی بەشدارە لە پیلانگێڕیی کودەتای تەمموز

 دادگای تورکیا: فەرماندەیەکی سەربازیی ئەمریکی بەشدارە لە پیلانگێڕیی کودەتای تەمموز
دادگای تورکیا فەرماندەیەکی باڵای سەربازیی ئەمریکی بە بەشداربوون لە پلانگێڕیی کودەتا شکستخواردووەکەی سوپای تورکیا، تۆۆمەتبار دەکات.



بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی (تورک پرێس)، دوای لێکۆڵینەوە، دادگای تورکیا بۆی دەرکەوتووە، کە دوو بەرپرسی باڵای دیپلۆماسی و سەربازیی ئەمریکی بەشداریی کودەتاکەیان کردووە.



هەروەک ماڵپەڕەکە بڵاوی کردووەتەوە، جۆن باسی باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە ئەنقەرە و جۆن وۆڵکەر، فەرماندەی پێشووی هێزە ئەمریکییەکان لە بنکەی ئاسمانیی ئینجەرلیک، بەشداریی پلانەکەیان کردووە.



ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە بەیاننامەی کودەتاکە، کە بۆ یەکە سەربازییەکانی سوپای تورکیا نێردرابوو، لە ئیمەیڵی حوسێن عومەر ناوێکەوە نێردراوە و جۆن واڵکەر بەشداریی لە داڕشتن و نووسینی بەیاننامەکە هەبوو.



رۆژی 15/7/2016، بەشێک لە فەرماندەکانی سوپای تورکیا هەوڵیان دا کودەتایەک بەسەر حکوومەتی تورکیا و پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)ی دەسەڵاتدار و رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماردا بکەن.



رەجەب تەییب ئەردۆغان بە هاوکاریی هێزە ئەمنییەکان و گەلی تورکیا، توانی شکست بەو کودەتایە بهێنێت و دواتریش بزووتنەوەی گیولەنی قەدەغە و خستییە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکان و هەزاران لایەنگریشی دەستگیر کرد و لەکار دوورخستنەوە.



باسنیوز
Top