ترەمپ: ئامادەم بەبێ هیچ مەرجێک لەگەڵ حەسەن ڕۆحانی کۆ ببمەوە
دۆناڵد ترەمپ، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا لەگەڵ "جۆزپە کۆنتە" سەرۆکوەزیری ئیتالیا، لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا ئامادەیە لەگەڵ حەسەن ڕۆحانی، سەرکۆماری ئێران کۆ ببێتەوە، گوتی: "بێگومان ئامادەم" لەگەڵ سەرکۆماری ئێران کۆ ببمەوە، ئەگەر ئەو بیهەوێ ئەم دیدارە "بەبێ هیچ مەرجێک" ساز دەکرێت.
بەپرسانی کۆماری ئیسلامی پێشتریش پێشنیاری دانوستان لەگەڵ ئەمریکایان ڕەت کردووەتەوە.
بەهرام قاسمی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، دوێنێ دووشەممە لەمەڕ ئەوەی کە سەفەری وەزیری دەرەوەی عەمان بۆ واشنتۆن، بەمەبەستی نێوانگیریی نێوان ئەمریکا و ئێران ئەنجام دراوە، ڕەتی کردەوە و گوتی: "لەگەڵ بەرپرسانی ئێستای ئەمریکا و ئەو سیاسەتانەی گرتووویانەتە پێش، بێگومان دانوستانێک لە گۆڕێدا نابێ".
ئەم ئامادەییەی ئەمریکا بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکا لە کاتێک دایە کە عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بەتەواوەتی دژی وتووێژ لەگەڵ ئەمریکایە و پێڕەوی لەو ڕوانگە و بۆچوونانەی خومەینی دەکات کە کاتی خۆی لەبارەی ئەمریکاوە کردووەیە و ڕای گەیاندبوو کە دانوستان "لەگەڵ شەیتانی گەورە حەرام و هێڵی سوورە".
باسنیوز
