ئەمەریكا : ئێران منداڵان بۆ شەڕ بەکار دەهێنێت و قاچاخی بە مرۆڤەوە دەکات و دەوڵەتێكی خەراپە
لەو ڕپۆرتەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە کۆتایی هەفتەی پێشوو بڵاو کراوەتەوە، هاتووە ئێران کەمترین هەوڵ بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخی مرۆڤ دەدات. بەپێی هەمان ڕاپۆرت، ئێران سەرەڕای پەیوەستبوون بە ڕێککەوتنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دژایەتیی لەگەڵ تاوانە ڕێکخراوەکان، وەک پێویست هاوکاری ناکات و هیچ زانیارییەک لە هەوڵەکانی نادا بەدەستەوە.
ئەو 187 وڵاتەی کە لەو ڕاپۆرتەدا باسیان لێوە کراوە، بە چوار دەستە دابەش کراون، ئێران، میانمار، ڕووسیا و ڤەنزوێلا و کۆریای باکوور و 17 وڵاتی دیکە لە ڕیزی خراپترین وڵاتان دان لە بواری قاچاخی مرۆڤدا.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئێران جیا لە قاچاخی مرۆڤ تاوانبارە بەوەی کە هاووڵاتیان و بەتایبەت منداڵانی ئەفغانی وەک سەربازی شەڕ و بزاری کار بەکار دەهێنێت.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە ئێران ممنداڵانی تەمەن 13 ساڵی ئەفغانی کە لەو وڵاتە پەنابەرن، بۆ شەڕی ناوخۆی سووریا ڕەوانە دەکات، ئێران هاوکات پشتیوانی لە گرووپە میلیشیا شیعەکان لە عێراق و سووریا و یەمەن پشتیوانی دەکات کە تێیاندا بە سەدان منداڵ وەک سەرباز بەکار دەهێنرێن.
ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ، پاییزی ساڵی ڕابردوو ڕای گەیاند، سوپای پاسداران لە لەشکرەکانی "فاتمیۆن" دا منداڵانی ئەفغانی بۆ شەڕی سووریا بەکار دەهێنێت و بە دەیان منداڵ بەو بۆنەوە گیانیان لەدەست داوە.
باسنيوز
