هاوسەر و کچەکەی رەفسەنجانی ئێران بەجێ دەهێڵن و کوڕەکەی هێشتا لە زیندان دایە
ئاژانسی (تەسنیم)ی ئێرانی بڵاوی کردووەتەوە، کە عەفەت مەراشی، هاوسەری عەلی ئەکبەر هاشمی رەفسەنجانی، سەرۆک کۆماری پێشووتری ئێران و فاتیمەی کچی، رۆژی یەکشەممە 16.4.2017 لە فڕۆکەخانەی خومەنییەوە بەرەو بەریتانیا رۆیشتوون.
بەپێی زانیارییەکان، ناکۆکییەکی زۆر لەنێوان عەلی ئەکبەر هاشمی رەفسەنجانیی کۆچکردوو و رەوتی پارێزگارانی ئێران هەبوو، بەهۆی هەوڵدان بۆ ”چاکسازی“ لە سیستەمی حوکمڕانیی ئێرانەوە لەلایەن رەفسەنجانی و رەوتەکەی.
رەوتی پارێزگاران، کە عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران و سوپای پاسداران سەرۆکایەتی دەکەن، خێزانی سەرۆکی پێشووتری ئێران بە کارکردن بۆ ”لایەنی دەرەکیی دژە ئێران“ تۆمەتبار دەکەن.
چوونە دەرەوەی عەفەت مەراشی و فاتیمەی کچی لە کاتێک دایە، کە مەهدی رەفسەنجانی، کوڕی عەلی ئەکبەر هاشمی رەفسەنجانی ئێستا لە زیندان دایە.
عەلی رەفسەنجانی، چوارەم سەرۆک کۆماری ئێران بوو (لە 1989 - 1997 سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی کرد) و لە رۆژی 8.1.2017 کۆچی دوایی کرد. بەیەکێک لە رکابەرە بەهێزەکانی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران دادەنرا.
باسنیوز
