پلانی هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر رژێمی ئەسەد ئاشکرا دەبێت
گەورە راوێژکارانی سەربازیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەر لە هێرشەکە، لە ژوورێکی پارێزراودا لە هاوینەهەواری مار ئا لاگۆ لە فلۆریدا بۆ دانانی پلانی وەشاندنی گورزی سەربازی لە رژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا، کۆ بوونەوە.
بەپێی هەواڵی میدیا ئەمریکییەکان، دۆناڵد ترەمپ بە بینینی وـینەی منداڵە کوژراوەکان بە چەکی کیمیاوی توڕە بووە و رایگەیاندووە، ”ئەمە شەرمەزارییە بۆ مرۆڤایەتی“.
راوێژکارەکان چەند بژاردەیەکیان وەک وەڵامێک بۆ بۆردومانکردنی خان شەیخون بە چەکی کیمیاوی لەلایەن رژێمی سووریاوە، خستبووە روو، کە بریتی بوون لە:
- بۆردومانکردنی کۆشکێکی بەشار ئەسەد لە بەرزاییەکی دیمەشقی پایتەختی سووریا.
- بۆردومانکرنی چەند بنکەیەکی سەربازیی رژێمی سووریا.
- بۆردومانکردنی سەربازگەی شەعیرات لە نزیک شاری حمس.
دوای تاوتوێکردنی بژاردەکان، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری داوە سەربازگەی شەعیرات بۆردومان بکرێ، چونکە فڕۆکە جەنگییەکان لەوێوە چوون بۆ بۆردومانکردنی خان شەیخون.
رۆژی هەینی 7.4.2017، سوپای ئەمریکا وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بۆردومانکردنی هاووڵاتییان بە چەکی کیمیاوی لەلایەن رژێمی ئەسەدەوە، ژمارەیەک مووشەکی تۆماهۆکی ئاراستەی سەربازگەیەکی رژێم کرد و زیانێکی گەورەی بەو رژێمە گەیاند.
رۆژی سێشەممە 4.4.2017 فڕۆکە جەنگییەکانی رژێمی سووریا بە چەکی کیمیاوی ناوچەی خان شەیخونی لە پارێزگای ئیدلیب بۆردومان کرد و بووە هۆی گیان لەدەستدانی 58 کەس، کە زۆرینەیان منداڵ بوون و برینداربوونی نزیکەی 300ـی دیکە.
شەڕی ناوخۆیی سووریا لە مانگی ئاداری 2011ـەوە لە نێوان گرووپە چەکدارییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و رژێمی ئەو وڵاتە دروست بووە و بووەتە هۆی کوژرانی لانی کەم 400 هەزار هاووڵاتیی و ئاوارەبوونی زیاتر لە پێنج ملیۆن کەسی دیکە.
باسنیوز
