دوو فه‌رمانده‌ی‌ حزبوڵا له‌ سوریا كوژران

دوو فه‌رمانده‌ی‌ حزبوڵا له‌ سوریا كوژران
گروپه‌كانی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ سوریا رۆژی‌ یه‌كشه‌ممه‌ بنكه‌یه‌كی‌ سه‌ربازی‌ سه‌ر به‌ حزبوڵای‌ لوبنانیان خاپوركرد له‌ شاری‌ قمحانه‌ی‌ ریفی‌ حه‌ما له‌ ناوه‌ڕاستی‌ سوریا، به‌هۆیه‌وه‌، ژماره‌یه‌ك له‌فه‌رمانده‌و چه‌كداره‌كانی‌ حزبوڵا كوژران.

سه‌رچاوه‌ مه‌یدانییه‌كان به‌ كه‌ناڵی‌ (سكای‌ نیوز) یان راگه‌یاند، چه‌كدارانی‌ ئۆپۆزسیۆن بنكه‌ سه‌ربازییه‌كه‌یان به‌ موشه‌كی‌ ئاڕاسته‌كراو به‌ ئامانج گرتووه‌، كه‌ بووه‌ هۆی‌ خاپوركردنی‌ بنكه‌كه‌و سه‌رجه‌م ئه‌و چه‌كدارانه‌ی‌ حزبوڵا كه‌ له‌ناو بنكه‌كه‌دا بوون، كه‌ دوو فه‌رمانده‌ی‌ مه‌یدانیان تێدا بووه‌.

رۆژی‌ شه‌ممه‌ گروپه‌كانی‌ ئۆپۆزسیۆن توانیان به‌ره‌نگاری‌ هێرشێكی‌ سه‌ربازی‌ فراوانی‌ هێزه‌كانی‌ حكومه‌ت و گروپه‌كانی‌ هاوپه‌یمانی‌ ببنه‌وه‌ له‌ ریفی‌ حه‌ما.

ئۆپۆزسیۆن له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، هێزه‌كانی‌ حكومه‌ت و ئه‌و گروپانه‌ كه‌ ویستویانه‌ كۆنتڕۆڵی‌ شوێنێك بكه‌نه‌وه‌، پاشه‌كشه‌یان كردووه‌ دوای‌ گه‌یاندنی‌ زیانی‌ زۆر پێیان.

ماوه‌ی‌ شه‌ش ساڵه‌ شه‌ڕی‌ ناوخۆی‌ سوریا به‌رده‌وامه‌، لەگەڵ چەندین هەوڵی نێودەوڵەتیدا نەتوانراوە کۆتایی بەو شەڕە بهێندرێت.

ئۆپۆزسیۆنی سوریا کە خاوەنی هێزێکی چەکدارین بەناوی سوپای سوریای ئازاد و چەند شارێکیان لەژێر دەستدایە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی کۆتاییهێنان بەقەیرانەکانی سوریا داوای رۆیشتنی بەشاری ئەسەد دەکەن لەسەر کورسی سەرۆکایەتی، بەڵام ئەو داوایە هەمیشە رەتکراوەتەوە.

لەئێستادا خاکی سوریا بەدەست چوار هێزی گەورەوەیە؛ رژێمی سوریا، کورد، ئۆپۆزسیۆنی سوریاو داعش بەرێژەی جیاواز ناوچەکانی ئەو وڵاتەیان لەژێر دەستدایە.

ناوچەکانی ژێر دەستی رژێم زیاتر دەکەونە رۆژئاوای سوریاوە لەنێویاندا شاری دیمەشقی پایتەخت و حمس، هەروەها شاری حەلەب لەباکوری رۆژئاواوەو شاری مێژووی تەدمور کە بەمدواییە لەدەستی داعش دەریهێنا.

کوردەکانیش لەباکوری سوریاوە توانیویانە تەواوی ناوچە کوردنشینەکان کۆنترۆڵبکەنەوەو لەوەش زیاتر شاری مەنبەجیشیان لەژێر دەستدایەو لەئێستاشدا بەرەو شاری رەققەی پایتەختی خەلافەتەکەی داعش لەپێشڕەوییدان.

ئۆپۆزسیۆنی سوریا لەدوای لەدەستدانی شاری حەلەب، لەئێستادا تەنها شاری ئیدلب لەباکوری رۆژئاوای وڵاتەکەیان بەدەستەوەیە لەگەڵ بەشێک لەشاری درعا لەباشوری سوریا.

دەسەڵاتەکەی داعش لەسوریا رۆژ بەڕۆژ لەکزییەو لەچەند لایەکەوە هێرشی بەردەوامیان لەسەرە، بەڵام هێشتا شاری رەقەیان لەژێر دەستدایەو لەرۆژهەڵاتیشەوە لەسنوری عێراق فەرمانڕەوای شاری دێرەزورن.

به‌پێی ئاماره‌كانی‌ ڕوانگەی سوریی كه‌ رێکخراوێکی چاودێرییکاری رەوشی مافی مرۆڤە لەسوریاو بنکەی سەرەکیی لە شاری لەندەنە، لەسەرەتای دەستپێکردنی شەڕی سوریاوە مردنی زیاتر لە 321 هەزار هاوڵاتیان دۆکیومێنت کردوە باس لەوە دەکرێت 145 هەزار کەسی دیکەش ونبووبن.

هه‌ر به‌پێی ئاماره‌كان، لەنێو کوژراوەکاندا زیاتر لە 96 هەزار کەسی مەدەنی هەن، "هێزەکانی حکومەت و هاوپەیمانەکانی زیاتر لە 83 هەزارو 500 هاوڵاتیان کوشتووە، لەنێویاندا زیاتر لە 27 هەزارو 500 بەهۆی بۆردومانی ئاسمانی و 14 هەزارو 600 کەسی دیکەش لەزیندان لەژێر ئەشکەنجەدا کوژراون."



خه‌ندان
Top