ئەفغانستان؛ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سزاكانی سەر حیكمەتیاری هەڵگرت

ئەفغانستان؛ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سزاكانی سەر حیكمەتیاری هەڵگرت
ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئەو سزایانەی هەڵگرت كەسەپاندنبووی بەسەر قەلبەدین حیكمەتیار-ی رابەری پارتی ئیسلامی ئەفغانستان، ئەو هەنگاوەش رێگە خۆشكەردەبێت بۆ گەڕانەوەی بەشێوەیەكی ئاشكرا بۆ ئەو وڵاتە .

پێشتر حكومەتی ئەفغانستان داوای جێبەجێكردنی ئەو هەنگاوەی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كردبوو لەچوارچێوەی ئەو رێكەوتننامە ئاشتییەی لەمانگی ئەیلولی رابردوو مۆر كرا لەنێوان كابول و حیكمەتیارو گروپە چەكدارییەكەی.

رێكەوتننامەكەش لەئاستی ناوخۆیی و رێكخراوەكانی تایبەت بەمافی مرۆڤ روبەروی رەخنەی توند بۆتەوە بەهۆی ئەو بڕیاری لێبوردنەی بەخشراوە بە حیكمەتیاروگروپەكەی.

لەئێستادا حیكمەتیار رۆڵێكی گەورە نابینێت لە ململانێكانی ئەفغانستان، بەڵام لەنەوەتەكانی سەدەی رابردوو كەسایەتییەكی دیاری ئەو وڵاتە بوو بەتایبەت لەساتەوەختی جەنگی ناوخۆی ئەفغانستان. هەر ئەو كاتیش تۆمەتباركرا بە موشەك بارانكردنی كابول-ی پایتەخت و پیشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ.

هەڵگرتنی ناوی حیكمەتیار لە لیستی ناوی ئەو كەسانەی سزایان بەسەردا سەپێندراوە بەهۆی پەیوەندیان لەگەڵ رێكخراوەكانی قاعیدەو داعشی توندڕەو، كۆتایی بەبلۆككردنی سامان و موڵكەكانی و قەدەغەكردنی گەشت و هەڵگرتنی چەك دەهێنێت كەپێشتر لەلایەن نەتەوەیەكگرتووەكانەوە بەسەریدا سەپێندرابوون.

لەدوای راگەیاندنی رێكەوتننامەی ئاشتی لەنێوان ئەشرەف عەبدولغەنی سەرۆكی ئەفغانستان و پارتی ئیسلامی لەمانگی ئەیلولی رابردوو كەلەڕێی ڤیدیۆیەكی تۆماركراو بڵاوكرایەوە، تائێستا شوێنی نیشتەجێبوونی حیكمەتیار دیار نییە.

xandan -
Top