فەرماندەیەکی سوپای پاسداران هەڕەشە لە ئەمریکا دەکات
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی (تەسنیم)ی نزیک لە سوپای پاسداران، ئەمڕۆ شەممە 2017 -2- 4 ئۆپەراسیۆنی سەرەکیی "پەدافەندی ئاسمانی"ی سوپای پاسداران لەژێر ناوی "پارێزگارانی سننوری ویلایەت" بە پانتایی 35 کیلۆمەتر لە ناوچەی گشتیی سمنان و لە ڕۆژئاوای تاران دەستی پێ کرد.
ئەو ئۆپەراسیۆنە لە دوو بەشی سارد و گەرمدا بەڕێوە دەچێت کە تێیدا ڕادار و مووشەکی بەرهەمی خودی ئێران، بۆ پێکانی ئامانجی جۆراوجۆر و کۆنترۆڵی شەڕی ئەلکترۆنی تاقی دەکرێنەوە.
بەپێی هەمان سەرچاوە سەردار حاجیزادە، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران بە میدیاکانی گوتووە "هەڕەشە و گوڕەشەی بەرپرسانی ئەمریکا لەدژی ئیران، بەتاڵ و بێ ناوەرۆکن و ئەگەر بێت و دوژمن هەڵە بکات و مەبەستی هێرش بۆ سەر ئێرانی هەبێت، بارانی مووشەکەکانمان بەسەریاندا دەبارێنین."
پاش تاقیکردنەوەی مووشەکی بالستیک لەلایەن ئێرانەوە، حکوومەتی نوێی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، هەروەها وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە کاردانەوەی توندیان بەرانبە ئێران نواندووە.
هاوکات وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکاش گەمارۆی خستووەتە سەر 25 کەسایەتی و کۆمپانیای ئێران و هاوکاری ئێرانی.
باسنيوز
