ترەمپ یاسای پەنابەران و ڤیزەی ھەڵپەسارد
بە پێی دوایین بڕیاری ترەمپ، پێدانی ڤیزەی ئەمریكاش بە ھەر حەوت وڵاتی سوریا، ئێران، عێراق، لیبیا، سۆماڵ، سودان و یەمەن بۆ ماوەی 120 رۆژ راگیرا، ھەر وەك كۆشكی سپی راگەیاند.
ھۆكاری ئەم دوو بڕیارەی ترەمپ بەرامبەر ھەوڵاتیان و پەنابەرانی ھەر حەوت وڵات، پاراستنی ئەمریكایە لە ھێرشە تیرۆریستییەكان، كە پێشتر لە بانگەشەی ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بەڵێنی جێبەجێكردنی دابوو، ئەگەر ببێتە سەرۆك.
ترەمپ لە كاتی سەردانكردنی پێنتاگۆن رایگەیاندبوو "رێوشوێنی نوێ دەگرمە بەر بۆ ئەوەی تیرۆریستانی توندرەوی ئیسلامی لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دوور رابگرم و نامەوێت ئەوان لێرە بن".
ھەر لەمبارەوە گوتبووی "دەمانەوێت تەنیا رێگە بە ھاتنی ئەو كەسانە بۆ ناو ئەمریكا بدەین كە پشتیوانی لە وڵاتەكەمان دەكەن و خەڵكەكەمانیان خۆش دەوێت".
گرووپەكانی مافی مرۆڤ رێوشوێنەكانی ترەمپ شەرمەزار دەكەن و بە جیاكاری دەزانن و دەڵێن "پەنابەران دەخاتە بەر مەترسی و نازناوی ئەمریكاش بۆ پێشوازیكردن لە كۆچبەران خراپ دەكات".
K24
