ترەمپ: عێراق حكومەتی نییە, ئێران دەستی بەسەر تەواوی عێراقدا گرتووە
ترەمپ لە چاوپێكەوتنێك لەگەڵ كەناڵی abcnews رایگەیاند "دەبوایە دەستمان بەسەر نەوتی عێراق بگرتبا، ئەوكاتەی لەو وڵاتەی چووینەتە دەرەوە".
ترەمپ ھۆكاری پێویستی كۆنتڕۆل كردنی نەوتی عێراق لە لایەن ئەمریكاوە بۆ ئەوە دەگەڕێنتەوە و دەڵێت: " ئەگەر دەستمان بەسەر نەوتی عێراق بگرتبا، داعش دروست نەدەبوو، چۆنكە بە پارەی نەوت خۆیان رێكخست و كاتێ عێراقمان بەجیھێشت. پارەی زۆریان بەدەستھێنا".
ھەر لەمبارەوە گوتی: "ئەوكاتەی عێراقمان بەجێھێشت حكومەتی نەبوو، ئێستاش حكومەتی نییە".
سەرۆكی ئەمریكا كە كەمتر لە ھەفتەیەكە چووەتە كۆشكی سپی دەڵێت "ئێران دەستی بەسەر تەواوی عێراقدا گرتووە".
ئاماژەش بەوە دەدات "ئەمریكا 6 تریلیۆن دۆلاری لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست خەرجكرد و وڵاتەكەمانیش لە پارچەبوون دایە".
ترەمپ لەبارەی شەڕی موسڵیش رەخنە لە سیاسەتمەداران و فەرماندە سەربازییەكانی وڵاتەكەی دەگرێت بەتایبەتی ئەوەی كە رایانگەیاندبوو لەماوەی چوار مانگ دەچنە ناو موسڵ.
لەمبارەوە دەڵێت "بە دیاریكردنی كات، مۆڵەتیان دایە دوژمن لەو كاتەدا خۆی ئامادە بكات. نامەوێت لە بواری سەربازی قسە بكەم، ئەوكاتە قسە دەكەم كە بوارە سەربازییەكەی تەواو بووە، نەك پێش دەستپێكردنی".
پێشی وایە پێشێوی باڵی بەسەر دونیادا كێشاوە و بۆ ئەوەش ئاماژە بە حەلەب و موسڵی كرد و دەڵێت ببینە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست چی روو دەدات و خەڵكەكەی را دەكەن و بەرەو ئەوروپا و شوێنەكانی دیكە دەچن و ئەو كارەشی بە پشێوی دەزانێت.
hawler -
